کارمەندی یەکێک لە هۆتێلە هەرزانەکانی شاری گوانگچو لە چین ڕایگەیاند فەرمانیان پێکراوە ڕێگە بە مانەوەی گەشتیاری پێنج وڵاتی ئیسلامی نەدەن کە لە نێویاندا عێراقی تێدایە.
کارمەندەکە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، پۆلیسی چین داوای لە هۆتێلە هەرزانەکانی شارەکە کردووە پێشوازی لە هاوڵاتیانی وڵاتانی عێراق و تورکیا و ئەفغانستان و پاکستان و سوریا نەکەن.
سێ هۆتێلی دیکەی شارەکە کە کرێی مانەوەی شەوێک لە ١٥٠ یوانا (٢٣ دۆلار) تێپەڕی نە دەکرد ڕایانگەیاندووە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا فەرمانیان لە پۆلیسی چینەوە وەرگرتووە کە ڕێگە بە خەڵكی ئەو پێنج وڵاتە نەدەن لە هۆتێلە کانیاندا بمێننەوە.
هاوکات ڕۆژنامەی ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست کە لە شاری هۆنگ کۆنگەوە چاپدەکرێت دوێنێ هەینی بڵاویکردەوە، پێدەچێت بڕیارەکە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەبێت و لە کۆنگرەیەکی گەشەپێدانی هەفتەی ڕابردوودا باسکرابێت کە پێش ئەنجامدانی کۆڕبەندی جی ٢٠ لە شاری هانگژو ئەنجامدرا.
ئەمە لە کاتێکدایە لو کانگ وتەبێژی وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیەیان دەرنەکردووەو ئاگاداری بابەتەکە نیە.
ڕۆیتەرز بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە پارێزگاری شاری گوانچووەوە کرد بەڵام هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرت.