شارەزایانی تەندرووستی ئاماژە بەوە دەکەن کە درووستبوونی چاڵ لەسەر پێستی مەمکی ئافرەتان هەندێک جار نیشانەیەکە بۆ شێرپەنجەی مەمک.
درووستبوونی چاڵ لەسەر پێستی مەمک بە ئاسانی نایبنرێت و پێویستی بە پشکنینی ورد هەیە لەلایەن ئافرەتەکەوە.

شارەزایانی بواری تەندرووستی ئاماژە بەوە دەکەن کە مەرج نییە هەرکەسێک تووشی ئەم جۆرە چاڵە بوو شێرپەنجەی هەبێت، بەڵام ئەگەری زۆرە تووشی وەرەمێک بووبێت، بۆیە گرنگە لە کاتی دەرکەوتنی ئەم جۆرە چاڵە لەسەر پیستی مەمک یان هەر نیشانەیەکی تری گوماناویی، راستەوخۆ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی زیاتر و رێگری کردن لە حاڵەتی نەخوازراو.
لە پاڵ دەرکەوتنی چاڵ چەند نیشانەیەکی تر هەن بۆ شێرپەنجەی مەمک لەوانە:
١- گۆڕان لە قەبارە و شێوەی مەمک
٢- سووربوونەوە لە دەوری گۆی مەمک
٣- هاتنە دەروەی شلەمەنی لە گۆی مەمک بەبێ ئەوەی مەمکەکە گوشرابێ
٤- ئاوسانی بنباڵ
٥- بوونی بەشێکی رەق یان زبر لە مەمکدا کە جیاوازە لە بەشەکانی تر
٦- بوونی ئازار لە مەمکەکان یان لە ژێر باڵ
٧- بوونی ئازاری پشت یان پەراسوو.
بە ووتەی پزیشکان زۆر گرنگە خانمان مانگانە خۆیان لە ماڵەوە بەدەستەکانیان پشکنین بۆ مەمکیان ئەنجام بدەن، بەڵام پێویست ناکات ئەو پشکنینانە لە کاتی سوڕی مانگانەدا ئەنجام بدرێن چونکە لەو کاتەدا رەنگە گۆڕانی ئاسایی بەسەر مەمکەکاندا بێت بەهۆی گۆڕانکاری هۆرمۆنەکانەوە.
شێرپەنجەی مەمک یەکێک لە بەربڵاوترین جۆری شێرپەنج کە رووبەڕووی ئافرەتان دەبێتەوە. بە ئەنجامدانی پشکنین دەتوانرێت پێش بە تەشەنەسەندنی ئەم شێرپەنجەیە بگیرێت و زوو چارەسەر بکرێت بەرلەوەی بە جەستەدا بڵاو ببێتەوە.