کاردانەوەکانى جیابوونەوەى بەریتانیا لە یەکێـتى ئەوروپا
دواى ئەوەى هاوڵاتیانى بەریتانیا دەنگیاندا بە جیابوونەوەى وڵاتەکەیان لە یەکێتى ئەوروپا بەپێی ئەنجامى کۆتایى ڕاپرسییەکە ٥١.٩%ى بەریتانییەکان دەنگیان بە جیابوونەوە داوە و لە ٤٨.١% دەنگیان بە مانەوە لە یەکێتى ئەوروپا داوە و ئەمەش کاردانەوەى لە سەر ئاستى ئەوروپا و جیهان لێکەوتەوە.
کاردانەوە ئابورییەکان:
هەر دواى ئاشکراکردنى ئەنجامەکان پاوەنى بەریتانى لە ١٠%ى بەهاکەى لەدەستدا و بۆ نزمترین ئاست لە ماوەى ٣١ ساڵدا دابەزى و هەورەها نرخى بەرمیلێک نەوت نزیکەى ٤ دۆلار دابەزى و نرخى زێڕیش بەرزبووەوە.
کاردانەوە سیاسیەکان:
شتاینمایەر وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا ڕایگەیاند ، ئەمڕۆ کى بەریتانیا بڕیارى جیابووەنەوەى دا ڕۆژێکى غەمناک و کارەساتبارە بۆ سەرجەم ئەوروپا و بەریتانیا.
هاوکات سەرۆکى پەرلەمانى ئەوروپا وتى "بەریتانیا ئەوەى هەڵبژارد کە ڕێچکەیەکى تایبەت بەخۆى هەبێت، بەڵام ڕێچکەیەکى قورس دەبێت بۆى".
هەروەها سەرۆکى هەڵمەتى بانگەشەکردن بۆ چوونە دەرەوە لە یەکێتى ئەوروپا ڕایگەیاند ، پێویستە دەیڤید کامیرۆنی سەرۆک وەزیران بڕیارى چوونە دەرەوە لە یەکێتى ئەوروپادا جێبەجێ بکات.
هەر دواى بڵاوبوونەوەى ئەنجامەکان وتەبێژى کۆشکى سپى ڕایگەیاند، باراک ئۆباما هەواڵى لەبارەى ئەنجامى ڕاپرسییەکەى بەریتانیاوە پێگەیشتووە.
وەزیرى دەرەوەى پۆڵەندا وتى "چوونە دەرەوەى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا هەواڵێکى ناخۆشە بۆ پۆڵەندا و یەکێتى ئەوروپاش".
وەزیرى دەرەوەى فەرەنساش لەسەر بڕیارەکەى هاوڵاتیانى بەریتانیا ، وتى " دڵگرانم بەو بڕیارەى کە خەڵکى بەریتانیا داویانە".
هەروەها سەرۆک وەزیرانى هەنگاریاش ڕایگەیاند "دەنگدانى بەریتانییەکان بۆ چوونە دەرەوە لە یەکێتى ئەوروپا ئەوە دەگەیەنێت کە پێویستە برۆکسل گوێ بۆ گەلانى ئەوروپا بگرێت".
هەر لە زنجیرەى کاردانەوەکاندا سبەینێ وەزیرانى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا لە بەرلین کۆدەبنەوە و چوونە دەرەوەى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا تاوتوێ دەکەن.
ئەمەش لە دواى ئەوەهات دوێنێ لە سەرتاسەری بەریتانیا و لە ٣٨٢ شارەوانی ئەو وڵاتەدا، ڕیفراندۆم بۆ مانەوە یاخود جیابوونەوە لە یەکێتی بەریتانیا بەڕێوەچوو کاتژمێر شەشی بەیانیش ئەنجامی بەرایی ڕیفراندۆمەکە دەرکەوتوو زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دەنگیان بە جیابوونەوەدا لە یەکێتی ئەوروپا
دەنگدەرانى شارى لەندەن، ئۆکسفۆرد، گلاسکۆ، لیڤەرپوڵ، ئەبەردین، وێستمنستەر، ئەدنبرە، مانشستەر، بریستۆڵ، لیدز، ئێرلەنداى باکور دەنگیان بە مانەوە داوە لە یەکێتى ئەوروپادا
دەنگدەرانى شارى بلاکپوڵ، ویگان، واتفۆرد، شیفێڵد، نۆتینگهام، کانتربرى، بلیمۆس، ساوسهامپتۆن، بێرمینگهام دەنگیان بە چوونە دەرەوە داوە لە یەکێتى ئەوروپادا.
|