منداڵ پارێزانی کوردستان و پاراستنی منداڵه‌ سواڵکه‌ره‌کان
13/07/2012

کامه‌ران چروستانی

ئەوەی هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەمدا به‌ره‌و کارەکەم و لە گەڕانەوەشدا سەرنجم ڕادەکێشێت بریتییە لە دایکێک کە منداڵێکی چەند مانگانەی لە باوەشدایە و بە درێژایی ڕۆژ و هەتا ئێوارەیەکی درەنگ ئەم دایکە ئەو کۆرپەیەی کردوە بە کەرەستەیەکی ڕیكڵامە بۆ بەدەستهێنانی بەزەیی و پارە پەیداکردن. جگە لەمەش لە زۆرینەی چوارینەکانی شاردا منداڵێک دەبینین، کە لە کاتی وەستانی ئۆتۆمبیلەکانی یەکێک لە سایتەکان بەناو ئۆتۆمبیلەکاندا دێت و دەڕوات و داوای سواڵ دەکات یاخود شتێکی هەرزانبەهای لە دەستدایە و دەیفرۆشێت. له‌سەر شۆستەکانی ناو شەقامە قەرەباڵغەکانی شاریش وێنەیەکی ئاساییە، کاتێک دەبینین دایکێک سکی سوتاوی منداڵەکەی یان ئەندامێکی برینداری وەک دەستێکی شکاو یان قاچێکی پڕ برین نمایش بکات بۆ پیادەکان. گەلێک جاریش ئافرەتێک، پیاوێک خۆی دەکات بە کافتریایەک، ڕیستۆرانتێک، نووسینگەیەکدا، کە منداڵێک لەگەڵ خۆی ڕاپێچ دەکات و دەست لەم و لەو پان دەکاتەوە بۆ پارە و دەیەها بەهانە و هۆکاری بێبنەما دەهێننەوە بۆ وەدەستهێنانی بەزەیی و لەویشەوە پارە.
ئەوەی خاڵی هاوبەشە لە هەموو ئەم تابلۆ غەمبارانەدا بریتییە لەو منداڵەی، کە دەکرێت بە کەرەستەیەک بۆ پارە پەیدا کردن له‌لایه‌ن دایک و باوکێک یان هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ی یاوه‌ره‌وه‌، کە هیچ بنەمایەکی پەروەردە نازانن، چونکە خودی ئەم دایکوباوکانەش هەتا ڕادەیەکی زۆر قوربانی دەستی پەروەردەیەکی پڕ هەڵە و پڕ کێشەن. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، کە ئەمە پاساو بێت بۆ ئەوەی ئێمه‌ پاڵپشتی ئەو مامەڵەیە بکەین، کە ئەو دایکوباوکانە بەرامبەر ئەو منداڵانە ئەنجامی دەدەن. بەڵام هەموو ئەمانە لە لایەک و ئێستاش ڕووی پرسیارەکانم دەکەمە هەموو لایەن و دەزگا و دەسەڵاتێک، کە لە دوور یان نزیک پەیوەندیی بەم منداڵانەوە هەیە: ئایا پێگەی منداڵ لە ناو یاسا و پێکهاتەی دامودەزگاکانی هەرێمدا چییە؟ لە ڕابردوودا و هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەندێکجار له‌ باوک یان دایکێک ده‌بیستین، کاتێک بە ئاشکرا دەڵێت: “منداڵ منداڵی خۆمە و چی لێ دەکەم لێی دەکەم.” جا ئایا تێڕوانین و تێگەشتنی دامودەزگا و لایەنە بەرپرسەکانی هەرێم ئاوێنەی هەمان موڵکایەتیکردنە سەبارەت بە منداڵ. ئەگەر وەڵامەکە “بەڵێ” بێت، ئەوا ئه‌و بۆچوونه‌ کارەساتە، چونکە ئەو کاتە ئەگەری هەموو مامەڵەیەکی خراپ و بێبەهاکردنی ژیانی منداڵێک دەخەینە ناو دەستی دایکوباوکێک یان بەخێوکەرێکه‌وه‌ بەبێ ئەوەی که‌سێک، یاسا، داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان و ده‌سه‌ڵات ئاوڕێک لە جۆری ئەو مامەڵەیە بداتەوە. خۆ ئەگەر بێتو وەڵامەکە “نەخێر” بێت ئەوا کارەساتەکە بچوکترە، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیارێتییه‌ک بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی، ئه‌ی کێ بەرپرسە بەرامبەر ئه‌وه‌ی ئه‌و منداڵەی بە درێژایی ڕۆژ و هەتا ئێوارەیەکی درەنگ هەموو ژەهر و هه‌وای ناپاکژی ئۆتۆمبێلانە هه‌ڵدەمژێت؟ لیستی ناوەکان دوورودرێژن هەر لە کۆمەڵەی منداڵپارێزی کوردستان و سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵه‌ و ڕێکخراوه‌ کۆمەڵایەتی و خێزانییە هاوتاکانی، پۆلیس، دامودەزگا ڕەسمییە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلیسی هاتوچۆ، دادگا و هەموو ئەو بەرپرسانەی، کە دەیانەوێت خزمەتێک به‌م کۆمه‌ڵگایه‌ نمایش بکەن: ئایا هەموو ئەمانە ناتوانن ڕەوتی بەقوربانیکردنی ئەم کۆرپە و منداڵانە بخەنە ژێر پرسیارەوە؟ ئەگەرچی یاسای سواڵکردن و کۆنترۆڵکردنی ئه‌و دیارده‌یه‌ بۆ هەرێمێکی تازەپێگەشتوی وەک کوردستان ئاسان نەبێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، ئێمە لەناو ناوچەیەکدا، کە دەسەڵاتێکی سیاسیی و یاسایی تێدایە ڕێخۆشکەریی بکەین بۆ ئه‌وه‌ی منداڵەکانمان بکەین بە موڵک و کەرەستەی پارەپەیداکردنی هەر کەسێک.
ئەوەی ئەو منداڵ و کۆرپانە ڕووبەڕووی دەبنەوە بریتییە لە مەترسییەکی جەستەیی و تەندروستی، کە ئەوان لە خراپترین ژینگەدا پەروەردە دەکرێن و سیستمی خواردنیان لە هەموو ئاستێکی چاوەڕواننەکراو خراپترە. نەخۆشکەوتن و ئەگەری تووشبوونیان بە چەندەها کێشەی جەستەیی یەکێکە لەو مەترسییانە. کێشەی کەسایەتی و دەروونییەکان بەهۆی ئەو ژینگەیەی، کە تیایدا پەروەردە دەبن و که‌ له‌ پێشدا به‌شێکی ڕوون کراونه‌ته‌وه‌، کە زۆربەیان بۆ پەیداکردنی پارە هەر لە سەرەتای منداڵییانەوە فێری درۆ و بەکارهێنانی هەموو ڕێبازێکی دیکە دەکرێن بۆ ئەوەی بتوانن بڕە پارەیەکیان دەست بکەوێت. نەخوێندەواری و دوورکەوتنەوەیان لە هەموو بوارێکی کلتوری و ڕۆشنبیری بەشێکی دیکەی بەرهەمی ئەو ژینگەیە، کە ئەو منداڵانەی تیادا دەژین.
هەموو ئەمانە یاریدەدەرن و بوارێکی لواوە بۆ سەرهەڵدانی ئەو گروپانەی، کە بازرگانی بە مرۆڤ و جەستەی مرۆڤەوە دەکەن وەک ئەوەی کە باسی لێ دەکرێت، کە بەشێک لەم سواڵکەرانە لەژێر کۆنترۆڵی کەسانێکدا ده‌هێنرێن و ده‌برێن به‌ ئامانجی پاره‌ په‌یداکردن. منداڵێکیش له‌ ژینگه‌یه‌کی وادا په‌روه‌رده‌ بێت، که‌ تیایدا ته‌نها “پاره‌” ڕۆڵێکی گه‌وره‌ ده‌بینێت، زۆر ئاساییه‌ به‌ره‌و له‌شفرۆشی و هه‌موو کارێکی نایاسایی دیکه‌ش بڕوات.
هه‌رێمی کوردستان ناوچه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و پێشکه‌وتنێکی هه‌مه‌ لایه‌ن به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، ئه‌گه‌رچی هه‌نگاوه‌کان هه‌میشه‌ به‌پێی پێویست خێرا و ڕاست و ڕه‌وان نه‌بن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی، که‌ له‌ دوور یان نزیکه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌م کێشه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌بێت خوێندنه‌وه‌یه‌کی زانستی و واقیعییانه‌یان بۆ ئه‌م کێشه‌یه‌ هه‌بێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌وه‌ هه‌نگاوی گونجاو بنێن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم نه‌بێت به‌ خانه‌خوێیه‌ک بۆ به‌کارهێنانی منداڵ و بازرگانیکردن پێیانه‌وه‌
ژماره‌ی بینین‌ : 769
کۆمێنت
هێچ کۆمێنتێک بەردەست نیە
کۆمێنتی خۆت بنێرە
ناو :  
ئیمێڵ :   
کۆمێنت :
 
زیاتر ...
هەشت خاڵ بۆ پاراستنى تەندروستى مێشکت ...
‌ڕۆژانە ئەم پێنج ڕەفتارە بەرامبەر منداڵەكەت دوبارە بكەرەوە ...
هۆتێلە هەرزانەکانی شارێکی چین پێشوازی لە هاوڵاتیانی عێراقی ناکەن‎ ...
دەڵێ شەش ساڵە سێكسی توندم لەگەڵدا دەكات ...
‌ئەم هەڵانە هۆكارن بۆ كەمبونەوەی خۆشەویستی دوای هاوسەرگیری ...
سێ باشترین ڕاهێنانەکان بۆ نەهێشتنى دڵەڕاوکێ و خەمۆکى ...
‌تەوەقەكردن زیانی هەیە ؟ ...
نەمسا بە دوای فێڵی پەنابەرانەوەیە ...
‌وێنەیەكی دەگمەنی سەندرێلای عەرەب لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بڵاوبۆوە ...
خواردنەوە كحولییەكان ساڵانە 4 ملیۆن كەس دەكوژێت ...
12345
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll