هۆکاره‌کانی تووشبوونی منداڵ به‌ کێشه‌ ده‌روونییه‌کان
13/07/2012
ئاماده‌کردنی:چاره‌سازی ده‌روونی

سه‌ڵاح حه‌سه‌ن

هۆکارى زۆرێک لە کێشە دەروونى و هەڵچونییەکانى منداڵ بریتییە لە شێوازى پەروەردە و پێگەیاندنى منداڵ لە نێو دەزگا کۆمەڵایەتییەکاندا بە گشتى و ژینگەى خێزان بەتایبەتى، لە بەرئەوە خێزان پشکێکى گەورەى بەردەکەوێت. دروستکردنى ژیانى هاوسەرێتى بریتییە لە پێکەوە کۆبونەوەى دووکەس بەشێوەى ژیانێکى نوێ، لەژێر چەترى پێکهاتەیەکدا کە ئەویش بریتییە لە خێزان ، بەهۆى بوونى جیاوازییەکى زۆر لە نێوان تاکەکاندا، لەکاتى دروستکردنى خێزاندا زۆرترین حاڵەتى خۆگونجاندن پێویستە بۆ دایکان و باوکان تاکو بتوانن ژیانێکى سەرکەوتوو دروست بکەن، لەبەرئەوەى هەریەکەیان ئەزموون و تێگەیشتن و دابونەریتى تایبەتى خۆى هەیە و هەریەکەیان لە ژینگەیەکى جیاوازدا پەروەردە بوون. لە تێگەیشتن و جیاوازیی و کێشەکانى نێو خێزاندا دایک وباوک تێیدا بەشدارن و ئەمەش کاریگەریی و زیانەکانى تەنها بۆ خۆیان نییە، بەڵکو کاریگەرى گەورە لەسەر منداڵەکانیش جێدەهێڵێت.
منداڵ کائینێکى ناسکە و بە ئاسانى کاریگەرى لێدەکرێت بە هۆى ئەو شتانەى لە چواردەوریدا هەیە، لێرەوە ئێمە وەکو دایکان و باوکان بەرپرسیارێتییەکى گەورە لە ئەستۆماندایە لە پێگەیاندن و ئاڕاستەکردنى منداڵەکانماندا، یان بەشێوەیەکە بەرەو رێگەیەکى ڕاستەو گەنجێک دروست دەکات لەسەر پەیرەوێکى دروست و دوور لە تێکچون و کێشەى دەروونى.. یان گەنجێک پێدەگەیەنێت گرفتارە بە چەندین گرێى دەروونى و لە داهاتودا دەبێتە هۆى لادان یان نەخۆشى دەروونى.
لەم بەشەدا ئەو هۆکارانە دەخەینە بەرچاو کە دەبنە هۆى دروستکردنى کێشەى دەروونى لاى منداڵ، پێویستە لەسەر ئێمەش هەموو کات لەبەرچاویان بگرین و بەپێى توانا دوربکەوینەوە لێیان تاکو منداڵەکانمان بەتەندروستییەکى دەروونى باشەوە ژیان بەسەربەرن.
ئەو هۆکارانەى دایک و باوک هەردوکیان سەرچاوەیانن:
• مامەڵەکردنى توند و تیژ لەگەڵ منداڵ، سزاى جەستەیى، ئیهانە و سەرزەنشتکردن،… ئەمانە دەبنە هۆى وەستانى گەشەکردنى متمانە بەخۆبوون لاى منداڵ و لەجێگەى ئەودا ترس و دودڵى و شەرم دروست دەبێت لە هەرشتێک کە بیرى لێدەکاتەوە پێى هەڵسێت، هەروەها دەبێتە هۆى توشبوونى بە گرفتارى دەروونى.
• جیاوازى و ململانێى خێزانى، منداڵ والێدەکات ببێتە لایەنگرى دایک یان باوک لەگشت بابەتەکاندا، ئەمەش دەیخاتە ناو ململانێیەکى دەروونییەوە.
• گرنگى و نازدان بە منداڵى نوێ ، هاتنە دنیاى منداڵى نوێ لەناو خێزاندا بە زەبرێکى دەروونى توند دەژمێردرێت بۆ منداڵەکانى تر کە بەهۆیەوە توشى ڕوخان دەبن.. منداڵ دەکەوێتە تەنگژەیەکەوە تاکو دەگاتە ئاستى خەمبار بوون کاتێک منداڵێکى تر دەبێتە خاوەنى بەختێکى باش کە پێشتر ئەو خاوەنى بووە، بۆتە خاوەنى کۆمەڵێک شت منداڵەکانى تر وەکو ئەو نییانە ، هۆکارى هەموو ئەم شتانە بریتییە لە بەناز پەروەردەکردنى منداڵى نوێ بەشێوەیەکى بەرچاو لەلایەن دایک و باوک و گرنگى نەدان بە منداڵەکەى تر وەکو لەپێشتردا گرنگییان پێدەدا.
• ململانێى نێوان دایک و باوک دەربارەى زاڵبوون لەسەر منداڵً و بەدەستهێنانى سەرکەوتن، لێرەدا منداڵ توشى ئاڕاستەکردنى دژبەیەک دەبێت بەشێوەیەک وا لەمنداڵ دەکات توشى سەرسامییەکى توند ببێت و نەتوانێت بەویستى خۆى هەڵبژێرێت یان بڕیار بدات ، ئەمەش توشى گرفتارییەکى دەروونى گەورەى دەکات، بەشێوەیەک ئەگەرى ئەوە هەیە لە داهاتودا توشى نەخۆشى دەروونى ببێت.
• منداڵ هەست بکات رق و کینە هەیە لە نێوان دایک و باوکیدا، چ بەشێوى ئاشکرا بێت یان نهێنى.
• نەبوونى گفتوگۆى کراوە لەنێوان دایک وباوک و ئەندامانى ترى خێزان.
• نەبوونى پلان و هاوکارى لە نێوان دایک و باوک بۆ گەشە پێکردنى کەسایەتى و توانا ژیرییەکانى منداڵ .
• گوشارخستنە سەرمنداڵ و بێبەشکردنى لەو شتومەکانەى ئارەزوى دەکات ، لەگەڵ ئەوەى خێزانەکە لەتوانایاندا هەیە دابینی بکەن.
• زیادەڕۆیى لە جێبەجێکردن و وەڵام دانەوە بۆ داواکارییەکانى منداڵ و پێدانى پارەى زیاد بەشێوەیەک نەگونجێت لەگەڵ تەمەنیدا، ئەمەش دەبێتە هۆى دروستکردنى منداڵى نازدار بەشێوەیەک دایک و باوک توانا و کۆنترۆڵکردنیان لەدەست دەدەن بۆ پەروەردەکردن و ئلڕاستەکردنى.
• ئالودەبوون ( ادمان )ى یەکێک لە دایک و باوک لەسەر مادە بێهۆشکەرەکان.
• ڕۆچون و سەرقاڵبوونى یەکێک لەدایک و باوک ( بەتایبەت باوک ) لە چێژ و خۆشییەکانى ژیان بەشێوەیەک زیان بگەیەنێت بە کەرامەتى خێزانەکەو هۆکارى دروستکدنى زەحمەتى بێت بۆ منداڵەکانى.
ئەو هۆکارانەى دایک سەرچاوەیەتى :
• دایک توشى هەندێک حاڵەتى تایبەت ببێت لەکاتى سکپڕیدا ، دەرمان بەکاربهێنێت و زیان بگات بە منداڵەکەى بەتایبەتى لە سێ مانگى یەکەمى سکپرى، جگەرە بکێشێت بەشێوەیەکى زۆر کاریگەرى دەبێت لەسەر تواناکانى ژیرى منداڵ.
• دایک لە ماوەى سکپریدا توشى خەمبارى ببێت.
• منداڵ دور لە سۆزى دایک پەروەردە ببێت بە تایبەت لە ساڵانى یەکەمى تەمەنى.
• دایک بەشێوەیەک زاڵ بێت لە نێو ماڵدا کە بەتەواوى کەسایەتى باوک ڕەتبکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى باوک لە بەرچاو منداڵ هێما و بەهایەکى خراپى هەبێت.
• پشتگوێخستن و گرنگى نەدان بە پەروەردەکردنى منداڵ و جێهێشتنى بۆ بەخێوکەرێکى تر .
• دایک زوربەى کات سەرقاڵى گرنگیدان بێت بەخۆى و زۆر بچێتە دەرەوەى ماڵ و منداڵەکەى بەجێبهێڵێت.
• ترساندنى منداڵ بە شتە نادیار و خەیاڵییەکان وەکو جنۆکەو ئاژەڵى ترسناک لەڕێگەى گێرانەوەى چیرۆک بۆى، ئەمەش کاریگەرییەکى نێگەتیف بەجێدەهێڵێت لەسەر لایەنى دەروونى منداڵ.
ئەوهۆکارانەى باوک سەرچاوەیەتى :
o باوک بەتەواوى کەسایەتى دایک بسڕێتەوە و رۆڵ و گرنگییەکانى بێنرخ سەیر بکات.
o کاریگەرى زۆر دروست دەبێت لەسەر لایەنى دەروونى منداڵ کاتێک دەبینێت باوک جنێو بەدایک دەدات و لەبەرچاویدا لێى دەدات.
o باوکێکى خەیاڵ و سەرخۆش کە لەدرەنگانى شەودا دەگەڕێتەوە ماڵەوە و خێزانەکە بێزار و ناڕەحەت دەکات کاریگەرى دەبێت لەسەر بەهاو هێماى باوک لەبەرچاو منداڵدا.
o کاتێک منداڵ بۆى ئاشکرا دەبێت باوکى راستگۆ نییە یان پیاوێکى باش نییە، رێزى باوک لاى منداڵ نامێنێت و لێرەوە منداڵەکە لە ناخیدا سکاڵایەکى زۆرى لا دروست دەبێت و ئاشکراى ناکات تاکو گەورە نەبێت.
o باوک زۆر سەرقاڵى کارکردن بێت و کاتێکى تایبەت و دیاریکراو دانەنێت بۆ دانیشتن لەگەڵ منداڵەکانى و گرنگیدان پێیان.
o کۆچکردنى باوک بۆ دەرەوەى وڵات، ئەمەش وادەکات منداڵ بێبەش بێت لە بوونى پێشەنگێک یان مامۆستا و بەخێوکەرێک.
ئەو هۆکارانەى خودى منداڵ سەرچاوەیەتى:
* کەمى تواناى ژیرى منداڵ بەراورد بە منداڵانى هاوڕێى ، وادەکات منداڵ هەست بەکەمى و شەرم بکات بەتایبەت ئەگەر لەلایەن قوتابخانەکەیەوە فشارى لەسەربێت بۆ ئەو مەبەستە.
* بوونى ناتەواوى یان کەمئەندامییەک لە منداڵدا کە بوبێتە جێگەى گاڵتە پێکردنى منداڵانى تر، وەکو شەلەلى منداڵ ، لاوازى بیستن ، یان ناتەواوییەکى ترى جەستەیى.

سەرچاوە:
1. الصحە النفسیە للطفل د. هشام الخطیب و احمد محمد الزبادی الطبعە الاولى 2001 .
2. تۆرى ئینتەرنێت ( شبکە الحصن للعلوم الانسانیە ).
ژماره‌ی بینین‌ : 1163
کۆمێنت
هێچ کۆمێنتێک بەردەست نیە
کۆمێنتی خۆت بنێرە
ناو :  
ئیمێڵ :   
کۆمێنت :
 
زیاتر ...
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll