ماڵئاوا ئه‌ی شا مانگی ساڵ....
13/08/2012
چ زوو ویداعت لێ‌ كردین... ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی هاتنه‌دی نیشانه‌یه‌كی تری قیامه‌ت و خێرا به‌سه‌رچوونی زه‌مه‌نه‌؟!.. یان مانای زۆر نازداریو شیرینی تۆیه‌؟.. ئه‌ی شیرین ترین مانگی ته‌مه‌ن....
چه‌ند زوو هه‌واڵی خواحافیزیت نزیك بوویه‌وه‌.. ئه‌ی مانگی قورئان... مانگی خێرو صه‌ده‌قه‌... مانگی ته‌راویح و شه‌ونوێژو ڕۆژووبوون...مانگی نزاو پاڕانه‌وه‌و په‌شیمانی...
به‌ چ دڵێك ماڵئاوایت لێ‌ بكه‌م ئه‌ی شیرینترینی شه‌وان و نازدارترینی ڕۆژان...
چه‌ند شادومان بووین كه‌ هاتی... چه‌ند ساتی جوانت تێدا تۆمار كرا... دڵی چه‌ند هه‌ژارو بێ‌ نه‌وات تێدا خۆش كرا... چه‌ند خه‌تمه‌و ته‌هلیله‌و زیكرت تێدا ئه‌نجامدرا...چه‌ند نێوچه‌وان و ته‌وێڵت تێدا به‌ سه‌جده‌دا هات و له‌ خۆڵ هه‌ڵكشا... چ كه‌رنه‌ڤاڵێكت به‌رپا كرد له‌م ته‌مه‌نه‌ كورته‌تدا... ئه‌ی خه‌ڵاتی خوایی بۆ مرۆڤایه‌تی...
چه‌ند تاوانبارو گوناهبار له‌ تۆدا باوه‌شیان كرد به‌ پایەكانی مزگه‌وته‌كانداو تێرتێر ئه‌سرینی په‌شیمانیان ڕشت به‌سه‌ر به‌رماڵ و پایه‌ سه‌ربڵنده‌كانیدا...چه‌ند چاوان له‌ تۆدا فرمێسك ڕێژبوون... ئه‌ی گوڵه‌ جوان و بۆنخۆشه‌كه‌ی دڵی هه‌موو باوه‌ڕدارێ‌...
ئاخر به‌ چ دڵێك خواحافیزیت لێ‌ بكه‌ین!؟... به‌ چ ڕوویه‌ك بڵێن:الوداع...!؟.. چه‌ند زوو جۆگه‌له‌ی ئه‌و چاوانه‌ی له‌ سه‌راپای ئه‌م مانگه‌دا تكه‌ ئه‌سرینێكی لێ‌ نه‌چۆڕا به‌م ماڵئاواییه‌ت پڕت كرد له‌ گریان و فرمێسكی گه‌رم و به‌ كوڵت پێدا باراند..
چه‌ند زوو ماڵئاوایت دا به‌ گوێماندا ئه‌ی مانگی زینه‌تی شارو لادێ‌.. ئه‌ی دۆستی گه‌وره‌و بچووك...
منداڵان چه‌ند كه‌یف خۆش بوون به‌ تۆ.. ئیتر ئه‌و دیمه‌نانه‌ی ئێواران له‌ كوێ‌ بێنینه‌وه‌ كه‌ هه‌موو له‌ چاوه‌ڕوانی به‌ربانگ و سرووه‌و ساتی له‌سه‌رنانی تاجی دڵخۆشی ئه‌و ڕۆژه‌دا بووین...
خۆ هێشتا ئێمه‌ تێر نه‌بووبووین له‌ مانای شه‌وه‌ پیرۆزه‌كانت.....
خۆ هێشتا تێر له‌ شیله‌ی گوڵاوی په‌یامه‌كه‌ی خوامان نه‌چێشت.....
خۆ هێشتا تێر نه‌بووین له‌ سه‌باو دوعای سه‌حه‌رت.....
ئه‌ی زانكۆ پڕ له‌ وانه‌و په‌نده‌كه‌...
ئه‌ترسم دوای تۆ ئیتر بێ‌ نازی ڕووبكاته‌وه‌ مزگه‌وته‌كان... ئه‌ترسم شه‌یتانه‌كان تاجه‌ زێڕینه‌كه‌ی سه‌رسه‌ری زۆر خوشكانمان لێ‌ بفڕێنن.. دڵنیام له‌وه‌ی دوای جه‌ژن هه‌ست به‌ بێ‌ تۆیی ده‌كه‌ین... ئه‌ی هاوڕێ‌و دۆسته‌ به‌ ویقاره‌كه‌ی یه‌ك مانگه‌ ڕێ‌...
جێگه‌ت زۆر چۆڵه‌ ئه‌ی مانگی قه‌درو به‌درو فەتح... ئه‌وه‌ی له‌ ناخدایه‌ زۆره‌و پێنوسه‌كه‌م توانای ته‌عبیردانی نییه‌...

ئه‌وه‌نده‌یه‌ ده‌ڵێم: له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌مانین كه‌ له‌ تۆدا نوێمان كرده‌وه‌... له‌سه‌ر په‌یمانه‌كه‌مانین كه‌ له‌ تۆدا به‌ستمان... ئه‌ی شه‌فاعه‌تكاری ڕۆژووەوانان لە ڕۆژی دواییدا....


م. حه‌مزه‌ به‌رزنجی

ژماره‌ی بینین‌ : 3258
زیاتر ...
بە ڤیدیۆ... لە یەكەم شەوی مانگی ڕەمەزان لە ناو كەعبە موعجیزە ڕوویدا ...
بۆجی مەکەی پیرۆز فڕۆکەخانەی تێدانیە؟ ...
موسڵمانان له‌سه‌ر وێنه‌كانی‌ پێغه‌مبه‌ر بۆچونیان جیاوازه‌ ...
خودا باسی قەومی کورد دەکات..! ...
"بوون به‌‌ ئێزدی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی‌‌ گاڵته‌كردنه‌ به‌ ئێزدیه‌كان" ...
نیشانه‌کانی ئاخر زه‌مان بزانه‌ به‌ ته‌واوی ...
فەتوایەکی سەیروسەمەرەی ئیسلامیەکان…!!! ...
ڕوونكردنەوەیەكى شەرعی لە لایەن دەستەیەك لە مامۆستایانى سەلەفى كوردستانەوە سەبارەت بەشەرى داعش بەرامب ...
هاتنى كەسێك بۆمزگەوت كەسیر وپیازى خواردبێ،یان بۆنێكی ناخۆشی پێوەبێ ...
وێنه‌..یه‌كه‌م مزگه‌وت كه‌ دیزانه‌ره‌كه‌ی ئافره‌ت بێت له‌ توركیا ...
12345
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll