چیرۆكی شەهیدبوونی عەقید سەربەست؛ قارەمانەكەی شەڕی وەردەك
06/06/2016


"هەورامی بێخەمبەو خودا گەورەیەو هیچ نابێت" ئەمە دوا وتەی عەقید سەربەست مه‌نتك، فەرماندەی سوپای پێنجی هێزەكانی زێرەڤانی بوو بۆ یەكێك لە فەرماندە هاوڕێكانی، پێش ئەوەی لە هێرشەكەی بەرەبەیانی هەینی  داعش بۆ سەر پێشمەرگە لەگوندی وەردەك لە میحوەری خازر شەهیدبێت.

هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان، به‌ره‌به‌یانی‌ هەینی چه‌ند هێرشێكی‌ داعشیان‌ له‌میحوه‌ری‌ خازر تێكشاند‌و ده‌یان چه‌كداری‌ لێی‌ كوشتن، له‌ئه‌نجامی‌ شه‌ڕی‌ قورسی‌ نێوان هه‌ردوولاش عەقید سەربەست، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی سوپای پێنجی هێزەكانی زێرەڤانی شه‌هید بوو.

هێرشه‌كانی‌ داعش، كاتژمێر  1ی‌ به‌ره‌به‌یانی‌ هه‌ینی‌ دەستیپێكرد كاتێك ژمارەیەك چەكداری داعش بەپیادە بەرەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە چوون، له‌چه‌ند گوندێكی‌ میحوه‌ری‌ خازر له‌سنوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا، بەڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌توندی‌ وه‌ڵام درانەوە.

سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەگوندی وەردەك كە هەفتەی رابردوو لەلایەن پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵكرایەوە، یەكێك بوو لە ئامانجەكانی هێرشەكانی داعش، بەڵام دوای شەڕێكی قورس تێكشكێنران.

عەقید سەربەست مه‌نتك، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی سوپای پێنجی هێزەكانی زێرەڤانی لەمیانەی رووبەڕووبونەوەكانی نێوان داعش و پێشمەرگە لەگوندی وەردەك شەهیدبوو.

عەقید سەربەست لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگەی سوپای پێنجی هێزەکانی زێرەڤانی

عەقید كامەران هەورامی، فەرماندەی پێشمەرگە لەمیحوەری خازر بەخەندانی راگەیاند "چەند خولەكێك پێش ئەوەی عەقید سەربەست شەهید بكرێت قسەم لەگەڵ كردو پێم وت زۆر ئاگاداری خۆتبە، ئەو وتی خەمت نەبێت".

شەوێك پێش هێرشەكەی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە گوندی وەردەك، داعش هێرشی كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەگوندی موفتی لە میحوەری خازر كە هێزەكەی عەقید كامەران لەو سنورە جێگیرە.

عەقید كامەران كە یەكێك بووە لەهاوڕێ نزیكەكانی عەقید سەربەست، باسی لەوەكرد، "عەقید سەربەست زۆر لەخەمی ئێمەدا بوو چەندجارێك تەلەفۆنی بۆ كردین لەو شەوەدا كە داعش هێرشی كردە سەرمان، شەوی داهاتوش هێرشیان كردە سەر میحوەرەكەی ئەوان، تەلەفۆنم بۆ كرد وتی هەورامی بێخەمبەو خودا گەورەیەو هیچ نابێت".

ئەوە دوا وتەی عەقید سەربەست مه‌نتك بووە بۆ عەقید كامەرانی هاوڕێی پێش ئەوەی لەكاتی بەهاناوەچونی هاوڕێكانیدا بەفیشەكی چەكدارانی داعش شەهیدبێت.


عەقید سەربەست
 
عەقید كامەران دەڵێت، دوای چەند خولەكێك جیهازی بۆ كردووەتەوە، بەڵام پێیان وتووە عەقید سەربەست مەشغوڵە "ئیتر پێیان وتم برینداربووە، فیشەك بەر ملی كەوتووە، ئەو بەرەو پیری هاوڕێكانیەوە چووبوو، لەساترەكە بەرزبووەتەوەو بەركەوتووە، ئەوەش بووە هۆی شەهیدبوونی".

"عەقید سەربەست وەكو پێشمەرگەیەك شەڕی دەكرد نەك وەكو فەرماندەیەك، كاریگەریەكی زۆری لەسەر جێهێشتوین". عەقید كامەران وایوت.


عەقید سەربەست
 
عەقید سەربەست لەدایكبوی ساڵی 1976ەو لەشاری هەولێر نیشتەجێ بوو، خێزاندارەو خاوەنی كوڕێك و چوار كچەو كوڕەكەی تەمەنی 11 ساڵەو نەخۆشی شەلەل دەماغی هەیە.

عەقید سەربەست، پێش ئەوەی شەهید بێت، هەفتەی رابردوو بەشداری گرتنەوەی گوندەكانی دەوروبەری خازری كردبوو، هاوڕێكانیشی بە قارەمان ناوی دەبەن.
ئیسلام محەمەد هەركی یەكێك لەپێشمەرگەكانی هێزی زێرەڤانی كەماوەی دوو مانگ لەگەڵ عەقید سەربەستدا بووە، بەخەندانی راگەیاند "عەقید سەربەست یەكێك لەو فەرماندانەی مەیدانی لەگەڵ پێشمەرگەكان شەڕی دەكرد دژی چەكدارانی داعش، ئەو شەڕەی ئەو دەیكرد پاڵەوانانە بوو".

هاوڕێ نزیكەكانی، عەقید سەربەست بەپاڵەوانی رووبەروبوونەوەی چەكدارانی داعش ناودەبەن، چونكە بەدرێژایی شەری پێشمەرگە دژی داعش بەردەوام جەنگاوەو و بەشداری چەندین شەڕی كردووە.

ئیسلام محەمەد هەركی وتیشی "ئێمە لەگەڵ عەقید سەربەست بەشداری گرتنەوەی گوندەكانی وەردەك و موفتیمان كرد لەهەفتەی رابردوو لەگەڵ ئێمەدا دەجەنگی، من پێم وت كاك سەربەست ئاگاداری خۆتبە چونكە لەپێش هەمومانەوە بوو، وتی ئەوە ئەركی منە".

هێرشەكەی داعش بۆ سەر گوندی وەردەك بەرەبەیانی  زووی هەینی دەستیپێكرد، عەقید سەربەست تاوەكو كاتژمێر 1:30 خولەك شەڕی كرد.بەوتەی ئیسلام محەمەد.

باسی لەوەشكرد، سەرەتای شەڕەكە لەساتری پێشەوەی گوندی زاراخاتون دەستی پێكردو بەتێكشكانی ئەوان كۆتایی هات و تەرمی  42 چەكدارییان بەجێما، لەگەڵ ئەوەشدا  فڕَۆكەكانی هاوپەیمانان بەردەوام بۆردومانی داعشیان دەكرد.

وتیشی "دواتر لەوەردەكیش شەڕی دەستی پێكرد، ئەوكاتە عەقید سەربەست لەخاڵی كۆتایی بوو، شەڕەكە تاوەكو كاتژمێر 5ی بەیانی بەردەوام بوو بەڵام نەماندەتوانی بچینە لای عەقید سەربەست چونكە هەمان كات هەواڵی برینداربونەكەمان پێگەیشت".

گەیشتنی هەواڵی برینداربوون و دواتر شەهیدبوونی عەقید سەربەست پێشمەرگاكانی لەسەر روبەڕووبونەوەی هێرشەكەی داعش سورتر كرد، وەك ئیسلام هەركی دەڵێت "ئێمە بەردەوام بوین لەشەڕكردن، بەگەیشتنی هەواڵی برینداربوونی عەقید سەربەست ورەمان نەروخا، بەڵكو زیاتر سوربوین لەسەرئەوەی بەرگریەكی بەهێزتر بكەین".

هێرشەكەی داعش بەدووەم هێرشی‌ چه‌كدارانی‌ ئەو رێكخراوە دادەنرێت بۆ سه‌ر میحوه‌ری‌ خازر له‌دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ دوو رۆژییه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌.

ئۆپه‌راسیۆنی‌ فراوانی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌میحوه‌ری‌ خازر له‌سنوری‌ موسڵ، به‌ره‌به‌یانی‌ 29ی‌ مانگی‌ رابردوو ده‌ستیپێكرد به‌پاڵپشتی‌ بۆردومانی‌ فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و هاوكاری‌ راوێژكارانی‌ ئه‌مریكی‌، نیوه‌ڕۆی‌ رۆژی‌ دواتر (30/5) به‌راگه‌یاندنی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ پلانی‌ دارێژراوی‌ شه‌ڕه‌كه‌، كۆتاییهات.

داعش كۆتایی‌ مانگی‌ رابردووش، رۆژێك دوای‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌، هێرشیكرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌خازر، به‌ڵام به‌توندی‌ وه‌ڵام درانه‌وه‌‌و ئامانجه‌كانیان تێكشكێنرا.

ئەوەی زیاتر عەقید سەربەستی لەلای هاوڕێ پێشمەرگەكانی خۆشەویست كردووە، ئەوە بووە كە وەكو پێشمەرگەیەك مامەڵەی لەگەڵ كردوون نەك وەك فەرماندەیەك.


عەقید سەربەست و چەند پێشمەرگەیەک لە میحوەری خازر

نەقیب هاوار حەمەرەشید لەحەرەكاتی سوپای چواری هێزی زێرەڤانی لەمیحوەری خازر، بەخەندانی وت "عەقید سەربەست پیاوێك بوو قارەمان بوو، هەمیشە خۆی بەپێشمەرگە دەزانی نەك فەرماندە، سادەییەكەی بەجۆرێك بوو مرۆڤ ناتوانێت باسی بكات".

وتیشی "عەقید سەربەست لەشەڕی حەسارو چیای زەرتدا رۆڵێكی قارەمانانەی بینی، لە هەردوو هێرشەكەدا بۆ سەر چیای زەرتك و حەسار بەسەرپەرشتی خۆی بوو، رابەرایەتی سوپای پێنجی زێرەڤانی كردووە".
ژماره‌ی بینین‌ : 664
زیاتر ...
ئایا دەزانیت ئەو منداڵەی لەو وێنەیەدایە كێیە ...
چیرۆكی شەهیدبوونی عەقید سەربەست؛ قارەمانەكەی شەڕی وەردەك ...
له‌سه‌ر ڕێگریكردن له‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان سكاڵایی یاسایی‌ تۆمار كرا ...
بۆچوونەکانى تاڵەبانى و بارزانى لە چاوپێکەوتنێکى ٢٥ ساڵ پێش ئێستا لە بى بی سی دا ...
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: هیچ كەسێك ناتوانێت من لە پۆستەكەم لابدات ...
نه‌بوونی ستراتیژی هاوبه‌ش باوكى كێشه‌كانه‌ ...
جنێودان وه‌ك زه‌نگی ئاگاداری ...
بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌ى ژنه‌ كانديدى ئه‌نجوومه‌نى شوراى كۆمارى ئيسلامى ئێران مه‌عسوومه‌ زارع، له‌ تۆڕه ...
تا ئێستا كۆبوونەوەكانی رۆژئاواو ئێران بەم ئەنجامە گەیشتووە ...
30 هاوڵاتی كورد له‌ به‌ندیخانه‌یه‌كی‌ داعش هه‌ڵاتن ...
12345
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll