بۆچوونەکانى تاڵەبانى و بارزانى لە چاوپێکەوتنێکى ٢٥ ساڵ پێش ئێستا لە بى بی سی دا
04/06/2016

کەناڵی بی بی سی بەریتانی دۆکیۆمێنتارییەکی بۆ یەکەمجار و دوای ٢٥ ساڵ بڵاوکردەوەتەوە کە تیایدا تاڵەبانی و بارزانی لەلایەن جیم مویرى پەیامنێرى ئەو کەناڵەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدراوە و باسی دۆخى سیاسیى ئەو سەردەمە و ڕژێمى سەدام حوسێن و داهاتووی عێراق و کوردستان دەکەن.

بەپێی بی بی سی بەریتانی، زۆربەى دۆکیۆمێنتارییەکەی ٢٥ ساڵ بەر لە ئێستا تۆمارکردووە کە بە هەزاران کوردی عێراق بەهۆی هەڵهاتنیان لەدەستی هێزەکانی سەدام حسێنەوە بەرەو چیای زاگرۆس و بەرەو ئێران و تورکیا گیانیان لەدەستداوە. باس لەوەش کراوە کە کوردەکان بە چەکی جۆراوجۆر کوژراون، زۆربەشیان لە هێلیکۆپتەرەوە یان بە تانک تەقەیان لێکراوە و بۆردومان کراون.

لەو دۆکیۆمێنارییەدا کە ئەمڕۆ ٣ى حوزەیرانى ٢٠١٦ لە ماڵپەڕى بى بى سى بڵاوکراوەتەوە تاڵەبانی لە لێدوانێکیدا دەڵێت ''خۆشحاڵم کە هەلی گەڕانەوەم بۆ کوردستانێکی ئازاد هەبوو و خۆشحاڵم کە دەبینم کورد لە هەوڵ و خەباتی بەردەوامدایە بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی''.

لە وەڵامی ئەوەشدا کە دوایین ئامانج چییە لە ئێستادا، تاڵەبانی دەڵێت ''دیموکراسی بۆ عێراق و فەراهەمکردنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی سەربەخۆ و دیموکراتدا''.

هەروەها پەیامنێری بی بی سی پرسیاری ئەوە دەکات کە هەنگاوی دواتریان چی دەبێت، تاڵەبانی دەڵێت ''هەنگاوی دواترمان ئازادکردنی بەشەکانی تری عێراقە لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تری عێراقدا، بۆنمونە ئازادکردنی موسڵ و بەشەکانی تری عێراق، هەروەها لەناوبردنی ڕژێمی دیکتاتۆرە و جێگرتنەوەیەتی بە ڕژێمێکی هاوپەیمانیی دیموکراتی''.

لە دۆکیۆمێنتارییەکەدا باس لەوەش کراوە کە تاڵەبانی لەگەڵ ڕژێمی عێراقی لەسەر ئۆتۆنۆمی ڕێککەوتوون، پەیامنێر پرسیاری ئەوە لە تاڵەبانی دەکات کە پێشتر ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ڕژێمی عێراقی سەرکەوتوو نەبوون ئایا ئەمەیان سەرکەوتوو دەبێت، تاڵەبانی لە وەڵامدا دەڵێت ''ئەمجارە جیاوازە، پێم وایە کە کورد ئەمجارە زۆر یەکگرتووە. تراژیدیای کورد لەلایەن جیهانەوە زۆر باش ناسراوە، هەروەها هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد لە هەرکاتێکی تر باشترە و حکومەتی عێراقی لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە، هیواداریشم ئەمجارە باڵانس لە قازانجی پرسی کورددا بێت''.

لە وەڵامی ئەوەی کە کورد متمانەی بە سەدام حسێن نییە ئایا هیچ گەرەنتییەک هەیە بۆ گەڕانەوەی خێزانە کوردەکان، تاڵەبانی دەڵێت ''پێم وایە دەبێت گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەوە هەبێت، هەروەها گەرەنتیی دیموکراسی لە عێراق بکرێت و گەرەنتیی پاراستنی پێشمەرگەکانیشمان بکرێت''.

لە دۆکیۆمێنتارییەکەدا پەیامنێر لە ساڵی ٢٠٠٥ دا و دوای ڕووخانی سەدام حوسێن جارێکیتر لێدوانی لە تاڵەبانی وەرگرتووە لەبارەی دۆخی دوای ڕووخانی ڕژێمەوە، تاڵەبانی دەڵێت ''ئەگەر ئەمە سەرەنجامی دیکتاتۆرێک بێت ئەوە سەرەنجامی هەموو دیکتاتۆرەکانی تریش کە تاوان دژی گەلەکەیان ئەنجام دەدەن هەمان چارەنوسیان دەبێت''.

تاڵەبانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات "سەدام حسێن یەکەمین سەرکردەی عەرەب بووە کە تاوانی دژی گەلەکەی ئەنجامداوە و باشتر ئەوەیە کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی سەدام حسێن سزا بدرێت نەک سزای لەسێدارە دان".

لە دۆکیۆمێنتاریەکەی بی بی سیدا جیم مویر پرسیارێک لە بارزانی دەکات لەبارەی ئەوەی کە بۆچی ١٠ ڕۆژ بەر لە ئێستا کوردستان بە نزیکەیی هەمووی لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدا بوو، بەڵام بۆچی وا بە خێرایی حکومەتی عێراق شارە سەرەکییەکانی کۆنترۆڵکردووەتەوە و بەرەو چیاکان پێشڕەوی دەکات، بۆچی ئەم خەونە بە خێرایی ڕوخا؟، لە وەڵامدا بارزانی دەڵێت ''ئەوە ئێمەشی تووشی سەرسوڕمان کرد، هۆکارێکی سەرەکی هەیە کە ئەویش ئەوەیە عێراق هەموو هێزەکانی لەدەستنەداوە و هەموو جۆرە چەکێک بەکاردەهێنێت، وەکو تانک و مەدفەعی و هەندێ جار هێلیکۆپتەریش بەکاردەهێنێت، هەروەها هێزی سەربازی لە شارەکاندا بەکاردەهێنێت و خەڵکێکی زۆر دەکوژێت کە منداڵ و ئافرەتیشیان تیادایە، لەبەر ئەوە نەمانتوانیوە شارە گەورەکان بپارێزین، بەڵام هێشتا چانسی زۆری ئەوەمان هەیە کە بەشێکی زۆری کوردستان بپارێزین''.

لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا ئەمریکا توانیویەتی کاری پێویست بکات بۆ گۆڕینی دۆخەکە، بارزانی دەڵێت ''پێم وایە یەک وشەی بووش دەتوانێت کۆتایی بەم تیرۆرەی دژی کورد بێنێت''.

لە لێدوانێکی تریدا بارزانی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەکات کە هاوکاریی زۆریان کردوون و دەشڵێت "ئێمە داوای جیابوونەوە لە عێراق ناکەین بەڵکو داوای پاراستنی گەلەکەمان دەکەین''.

هەروەها لە دۆکیۆمێنتارییەکەی بی بی سی-دا سامی عەبدولڕەحمان و هونەرمەند حەمە عەلی و چەندین هاووڵاتی کورد لێدوان و وتەیان وەرگیراوە، یەکێک لە هاووڵاتییەکان لە دۆکیۆمێنتارییەکەدا کە ئافرەتێکە بە دەم گریانەوە باس لە برسێتی و ئازارەکانی خۆی دەکات.

هەر لەو دۆکیۆمێناریەدا هونەرمەند عەلی حەمەخان باسی کێشەی ئابووری گەورەی ئەو کاتە دەکات و باس لەوە دەکات کە لەماوەی شەش مانگدا مووچەی یەک مانگیان وەرگرتووە، دەشڵێت ''ژیان وانەیەکی گەورەی فێرکردم ئەویش ئەوەیە کە دەبێت بجەنگیت و کار بکەیت، وە منیش کار دەکەم و کار دەکەم''.

ژماره‌ی بینین‌ : 965
زیاتر ...
ئایا دەزانیت ئەو منداڵەی لەو وێنەیەدایە كێیە ...
چیرۆكی شەهیدبوونی عەقید سەربەست؛ قارەمانەكەی شەڕی وەردەك ...
له‌سه‌ر ڕێگریكردن له‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان سكاڵایی یاسایی‌ تۆمار كرا ...
بۆچوونەکانى تاڵەبانى و بارزانى لە چاوپێکەوتنێکى ٢٥ ساڵ پێش ئێستا لە بى بی سی دا ...
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: هیچ كەسێك ناتوانێت من لە پۆستەكەم لابدات ...
نه‌بوونی ستراتیژی هاوبه‌ش باوكى كێشه‌كانه‌ ...
جنێودان وه‌ك زه‌نگی ئاگاداری ...
بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌ى ژنه‌ كانديدى ئه‌نجوومه‌نى شوراى كۆمارى ئيسلامى ئێران مه‌عسوومه‌ زارع، له‌ تۆڕه ...
تا ئێستا كۆبوونەوەكانی رۆژئاواو ئێران بەم ئەنجامە گەیشتووە ...
30 هاوڵاتی كورد له‌ به‌ندیخانه‌یه‌كی‌ داعش هه‌ڵاتن ...
12345
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll