کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند داواکاری دادگای کالیفۆڕنیای بۆ شکاندنی پاسۆوردی ئایفۆنی یەکێک لە هێرشبەرەکانی، ناوچەی سن برناردینو جێبەجێ ناکات.
پۆلیسی (ئێف بی ئای) ئەمریکا لە ڕێگەی دادگاوە داوای کردووە کۆمپانیای ئەپڵ پاسۆوردی ئایفۆنی یەکێک لە هێرشبەرەکانی ناوچەی سن برناردینو بە ناوی سەید رەزوان فاروق لابەرێت بۆ ئەوەی بتوانن دەستیان بە زانیاریەکانی ناو ئایفۆنەکە بگات.
دادگایەکی ویلایەتی کالیفۆڕنیا داوای لە کۆمپانیای ئەپڵ کردووە پاسوۆردی سەر ئایفۆنەکە لابەرێت، بەپێی بڕیارەکەی دادگا ئەپڵ دەبێت بە شێوازێک پاسۆوردەکە لابەرێت کە زانیارییەکانی ناو ئایفۆنەکە هیچ زیانێکیان بەر نەکەوێت.
تیم کووک بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕەتی کردووەتەوە داواکارییەکەی دادگا بۆ لابردنی پاسوۆردی سەر ئایفۆنی ئەو تۆمەتبارە جێبەجێ بکات.
٣ی کانوونی ساڵی ٢٠١٥ لە ناوچەی سن برناردینو لە باشوری ویلایەتی کالیفۆڕنیا بە هۆی تەقەی دووچەکدارەوە کە ژن و مێرد بوون لە ناوەندێکی تەندروستی ١٤ کەس کوژران و ٢٢ کەسی تر برینداربوون و دواتر تەقەکەرەکان لە لایەن پۆلیسەوە کوژران.
کۆمپانیای ئەپڵ لە ئێستادا سەرجەم زانیارییەکانی سەر بەرهەمەکانی بە پرۆتۆکۆڵێکی نوێ هەڵدەگرێت کە توانای دەست گەیشتن بە زانیارییەکان قورستر دەکات.
جگەلەوە گەر زیاتر لە ١٠ هەوڵی کردنەوەی پاسۆوردی ئایفۆن بدرێت ئەوا بەشێوەی ئۆتۆماتیکی سەرجەم زانیارییەکانی لە ناو دەچن.
