له‌ ئه‌رشیفه‌وه‌: نەوشیروان موستەفا باسی شەری ناوخۆ ئەکات؛ کەمال میراودەلی ئەرشیفی چاوپێکەوتنێک لەسە رەوشی کوردستان هەڵدەداتەوە
22/01/2015

چاوپێکەوتن لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دا

چاوپێکەوتنی د. کەمال میراودەلی لە حوزەیرانی ١٩٩٥

(وەك ڕێبازی هەنگاو لە باوەربوون بە ئاخاوتنی سیاسی نێوان خەڵکی کورد و هێزە سیاسییەکان، ئەم ئاخاوتنە لەگەڵ کاك نەوشیروان مستەفا بڵاودەکەینەوە. لە هەمان کاتدا هەوڵمان دا لەگەڵ نوێنەری پارتی کاك سامی عبدالرحمن یان کاك فازڵ میرانی گفتوگۆ بکەین، بەڵام بەداخەوە کە زوو گەڕانەوە و نەگونجا.

 

گەر بە ئارەزووی خۆم بێ دەمەوێ لە دەرەوە لە لەندەن بژیم

هەنگاو: لە سەرەتاوە دەمەوێ دەربارەی گەڕانەوەت بۆ کوردستان پرسیارت لی بکەم. دەڵێن تا شەڕی نێوخۆێی دەستی پینەکرد، نەگەڕایتەوە، ئایا بۆ شەر کردن گەڕایتەوە یان بۆ مەبەستی دیکە؟

نەوشیروان: پێش شەڕ هەڵگیرسان، بۆ ماوەی ١٨ مانگ لە لەندەن ژیام، ئەو ماوەیە لە ڕووی سیاسیەوە کەنار گیر بووم و خۆم بۆ نووسین تەرخان کردبوو، زۆر کەم توخنی ژیانی سیاسی دەکەوتم. لە دەرەوە و ناوەوە داوا دەکرا بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، بەڵام گەر بە ئارەزووی خۆم بی دەمەوێ لە دەرەوە، لە لەندەن بژیم. لەو ماوەدا کە لە کوردستان گرژی هەبوو، مام جەلال بۆ گەستێکی سیاسی ئەوروپا، هاتە دەرەوە. داوای لیکردم بجم بۆ سەردانی، یەکمان گرتەوە، لەگەڵی جووم بۆ ئەسپانیا، دوایی بۆ ئیتالیا، لە ئیتالیا بووین کە شەر هەڵگیرسا. بەرنامەکەمان وابوو بچین بۆ تۆکیۆ، بۆ بەشداری لە کۆنفراسی سۆشیال دیموکرات. لە ئیتالیا سەر کۆمار و، ئەندام پەرلەمان و حیزب و ڕێکخراوەکانمان بینی، مەبەست لە گەشتەکە یەکەم داواکردنی یارمەتی ئینسانی بوو بۆ حکومەتی کوردستان؛ وەك یارمەتی بۆ چاپدانەوەی کتێبەکانی قوتابخانەکان، یارمەتیدان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری نفووس بە کۆمپیوتەر، لەم جۆرە شتانە. کە شەڕەکە هەڵگیرسا، لەگەڵ برادەرانی تر نەدەکرا جیا بمەوە. کاك مەسعود تەلەفوونی کرد بۆ مام جەلال، کە خۆی بۆ پێشوازیی دێتە سەر ئاوەکە و دوای ئەوە هەموو شتێك پێکەوە چارەسەر دەکەن. ئێمە چووین بۆ سوریا نزیکەی مانگێك لەوێ ماینەوە مەسعوود وەعدەکەی خۆی نەبردە سەر. نەهات بۆ سەر ئاوەکە، وتی وام نەوتووە.. پێی خۆش نەبوو ئێمە بگەڕێینەوە.. تورکیا هەلیکۆپتەری بۆ تەرتیب کردین، چوینە قامیشلی و لەوێوە بۆ نوسەیبین و لەوێشەوە بۆ هەولێر. ئەو ماوەیەی کە من چوومەتەوە بۆ کوردستان هەموو تەقەلای خۆم بۆ ئەوە تەرخان کردووە ئاشتی لە کوردستاندا بەرقەراربێ، لە زۆر گفتوگۆکان لەگەڵ پارتی، لە هەولێر، سەلاحەددین، پاریس و جاری دوایی لە تاران بەشدار بووم. لەزۆریشیاندا من سەرۆکی وەفدی یەکێتی بووم، هەموو جار بە نیازی ئاشتی و بۆ ئاشتی ڕۆیشتووین. ئەو ماوەیە لە هیچ شەڕ و شۆڕێکدا بەشداریم نەکردووە، بە پێچەوانەی پروپاگەندەکانی پارتییەوە خەریکی کاری گفتوگۆ و مەقالە نووسین و کاری ڕاگەیاندن بووم.

 

ئینقیلابی عەسکەریی یان جیاوازیی عەقڵی سیاسیی

هەنگاو: باشە، گەرچی تۆ لە کوردستان نەبوویت، بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای شەڕ دەستپێکردن. پارتی دەڵێ ئەم شەڕە یەکێتی هەڵیگیرساند چونکە مەترسی لە هەڵبژاردنی نوێ هەبوو، چونکە شەعبیەتی پارتی زیاتر بوو، لەبەر ئەوە یەکێتی ئینقلابی عەسکەرییان سازکرد؟ ئایا ئەمە ڕاستە، گەر ڕاست نییە ج هۆیەك وایکرد ناکۆکی نێوان ئەو دوو حیزبە بگاتە حاڵەتی تەقینەوە؟!

نەوشیروان: ڕاستی، جیاوازیی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، جیاوازی نێوان دوو عەقڵیەتی سیاسییە. پارتی دەیەوێ حکوومەتی میلیشیا هەبێ کە بنەماڵەی بارزانی بەسەریا حوکمڕان بن، یەکێتی دەیەوێ بەردی بناغەی دەوڵەتی یاسا و نیزام لە کوردستاندا دانرێ، ئەم دوو جۆرە عەقڵییەتە جیاوازە بە بە هۆی ئەوەی لە لایەکەوە یەکێتی بیەوێ حکوومەتی قانوون هەبێ، یەك سووپا هەبێ، یەك پۆلیس هەبێ، یەك میزانییە هەبێ، یەك عیلاقاتی خارجی هەبێ، یەك جیهازی موخابەرات هەبێ، پارتی لە سەرەتاوە سوورە لە سەر ئەوەی شتە تایبەتەکانی خۆی هەبن، یەکێتی لە سەرەتاوە بیروڕای وابوو، سووپا و پۆلیس لە سەر ئەساسی کەفائات دانرێ، فەرمانبەر و کارمەندان لەسەر ئەساسی کەفائەت لێهاتوویی دابنرێن و ئەم کارە بە هۆی (مجلس خدمە)یەکەوە بکرێ نەك لە ڕێگەی حیزبەکانەوە، ڕەقابەتی مالی هەبێ و هەموو دارایی یەەك بدرێ بە حکوومەت... لەسەر ئەساسی تەجنیدی ئیجباری سووپا دروست بکرێ.. ئەوان ئەمانەیان پێخۆش نییە دەیانەوێ خۆیان بە ئارەزووی خۆیان حوکومڕانی بکەن. ئەمە هۆی ئەساسییە بۆ جیاوازیی و ناکۆکی پارتی و یەکێتی شتەکانی دی لاوەکین.

 

دەربارەی ئینتیخاباتی کوردستان و پەرلەمان

هەنگاو: ئەی دەربارەی ئینتیخابات؟!

نەوشیرون: مەسەلەی ئینتیخابات لە وەزارەتی یەکەمەوە کە د. فٶاد سەرۆك وەزیران بوو، د. ڕۆژ نووری شاوەیس جێگیر بوو. بریاردراوە (سەرژمێری نفووس ) بکرێت و د. ڕۆژ سەرۆکی ئەو لێژنەیە بوو کە ئەم ئەرکەی پێسپێردراوە. دیارە هەلبژاردن بەبێ سەرژمیری دانیشتوان ناکرێ. گەر بشکرێ وەك جاری پێشوو کەم و کوڕیی تێدا دەبێ و رەخنەی دێتە سەر. ئەو لیژنەیە درووست بووە لیژنەیەکی وەزارییە و هەموو دەسەڵاتێکی دراوەتێ، هەموو پێویستێیەکی فەننی بۆ جیبەجێ کراوە. جێبەجێنەکردنی ئەم کارە سەبەبەکەی پارتی بوو، چونکە پارتی لە سەرژمێری دانیشتوان دەترسێ، کە باسی (هەڵبژاردن) دەکەن تەنیا بۆ (ئیبتیزازه) ئەگینا من بەش بە حاڵی خۆم زۆرم پێخۆشە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێ و ڕێزی ئەنجامەکەی بگیرێ و هەرچی بردییەوە حوکومڕانی بکات و لایەنەکەی دیکە (موعارەزەیەکی ئیجابی) بێ.. .

 

هەنگاو: تۆ دەڵێی کە جیاوازی سەرەکی عەقڵی سیاسییە و یەکێتی زیاتر گرنگی بە پەرلەمان و حکوومەت و یاسا دەدات، بەڵام لە مەجالی پراکتیکدا دەبینین لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا یەکێتی گرنگییەکی ئەوتۆی بە پەرلەمان نەدا پەرلەمان دەوری نەدرایە. حکوومەت ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەی خۆی نەبوو. یەکێتی لەجیاتی ئەوەی هەوڵی دروستکردنی سووپای یەکگرتوو بدا، لیوای تایبەتی درووست دەکرد؟ خەڵك ئەمانە دەزانێ.. بیر و ڕات بەرامبەر ئەمانە چییە؟

نەوشیروان: ڕاستیەکەی مەبدەئی نیوە بە نیوە شتەکانی تێك دا، یەکێتی گرنگی زۆری بە پەرلەمان داوە، بەو بەڵگەیەی کە بەشی هەرە زۆری مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی سەرکردایەتی ئەندامن لە پەرلەماندا. بەڵام بەداخەوە هەر لە سەرەتاوە لەبەر ئەوەی کاك مەسعوود و مام جەلال لە پەرلەماندا بەشدار نەبوون، بریاڕدانی سیاسی لە زەرەری پەرلەمان حکوومەت مایەوە. هەوڵی زۆرمان دا مەسعوود یەکێك لەو دوو پۆستە وەربگرێ: یان ببێ بە سەرۆکی کابینە؛ یان سەرۆکی پەرلەمان.، قبووڵی نەکرد، مام جەلال قبووڵی کرد، ئەگەر مەسعوودیش قبووڵی بکردایە ئەوکاتە ئیزدواجیەت لە بڕیاردانی سیاسیدا دروست نەدەبوو، ڕەنگە زۆر لەو گیر و گرفتانەی هاتنە پێش، چارەسەر بکرابان، لەبەر ئەوە پەرلەمان و حکوومەت حەقیقی نەبوون، چونکە جێگەی بڕیاردانی سیاسی نەبوون. بە نیسبەت یەکێتیەوە زۆربەی ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بۆ تەرخان کرد. بەڵام پارتی لە بیدایەتەوە پێیان وا بوو ئەمە فشەیە و لەبەر ئەوە کاك مەسعوود خۆی بەشداری تێدا نەکرد، کەسە ئەساسییەکانی پارتیشی نەهێنانە ناو حکوومەتەوە.

 

هەنگاو: پێشتر لە هەنگاودا چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ کاك هوشیار زێباری کردووە.. ئەو پێی وابوو کە د. فٶاد مەعسووم مرۆڤێکی هێمن بووە و لە سەردەمی ئەودا کاروباری حکوومەت باش دەرۆیشت. ئەو گۆرینەی د. فٶاد و هێنانی عەناسیری سەرکردایەتی یەکێتی کە بەلای ئێوەوە بەڵگەی گرنگیدانیتان بە وەزارەت و بە جددی وەرگرتنی بوو، بەلای ئەوانەوە حیزبی کردن و عەسکەری کردنی حکوومەت بوو، ئەمەش ڕێگای بۆ مونافەسەی توندتر و ناکۆکی زیاتر خۆش کرد؟

نەوشیروان: ئەمە ڕاست نییە، کابینەی یەکەم چەند ئەرکێکی لەسەر شان بوو، جێبەجێکردن، کابینەی دووەم ئەرکی دیکەی هەبوون کە کابینەی دووەم دامەزرا، خۆ پرس بە مەسعوود کراوە و بە ڕەزامەندی هەردوولا داندراوە.. ئەوە نییە یەکێتیی ئەوانی سەپاندبن، لە ماوەی شەڕەکەدا، ئەوەیان هینایە ئاراوە کە ئەوانە عەسکەریین. هەتا کۆسرەت لە خوولی یەکەمی شەڕەکاندا مەسعوود خۆی لە پەرلەماندا مەدح و ستایشی کرد کە وەکو سەرۆك حکوومەت ڕەفتاری کرد نەك وەك حیزبی و ، ئاشتیخواز بووە، و نەیهێشتووە شەڕ بچێتە هەولێرەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ خوتبەکەی مەسعوود کە لە پەرلەماندا داویەتی، لەناو یەکێتیشدا ئەوە ڕاست نییە، کەسێك بە نەرم و کەسانی تر بە توند دابنرێن. قەراراتی یەکێتی هەمووی بەزۆربەی دەنگ دەدرێن و هەموو وەکو یەك بریارەکان جێبەجێ دەکەن.

 

لیوای تایبەت و سەنگەرگواستنەوە

هەنگاو: دوای ئەوەی کۆسرەت و جەبار فەرمان و دارۆ شێخ نووری خرانە وەزارەتەوە مونافەسەی پەنجا بە پەنجا پتر بوو، یەکێتی ئەوەی بەکارهێنا خەڵکی خۆی دابمەزرێنێ، لیوای تایبەت درووست بکات، دوایش (ئیستعداداتی عەسکەری) لە لایەن یەکێتییەوە هەبوو، بۆ نموونە ئەو ماویەی پێش شەڕەکە، پێشمەرگەکانی یەکێتی بەردەوام بانگ دەکران موراجەعەی مەڵبەندەکانیان بکەن، مەسەلەی (سەنگەر گوازتنەوە) لە پارتییەوە بۆ ناو یەکێتی بە ئاشکرا لە راگەیاندنی یەکێتیدا بڵاو دەکرایەوە و تەشجیع دەکرا، ئەمە لە چ هەواو و دۆخێکدا درووست بوو؟ بۆ درووست بوو؟

نەوشیروان: من ئەو کاتە لە کوردستان نەبووم، بەڵام ئەوەی من بزانم لیوا تایبەتییەکان مەبەستی پارێزگاری هەرێم و بۆ ڕزگار کردنی کەرکوك درووست کران.. بەڵام ئەم شەڕەی بەسەردا هات.

 

هەڵوەشاندنەوەی بەرەی کوردستانیی

هەنگاو: دەتوانرێ سەرنج بدرێ کە هۆی سەرەکی تەقینەوەی ناکۆکییەکە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، نەمانی بەرەی کوردستانی و هەڵوەشاندنەوەی حیزبەکان بوو، یەکم جار سۆسیالیست کە هێزێکی گەورە بوون. ڕەسول مامەندیان هاتە ناو یەکێتییەوە. هێزە عەسکەرییە گرنگەکەی دی سۆسیالیست حەمەی حاجی مەحموود بوو، بەڕای من گرژبوونی زۆری وەزعەکە لەوەوە دەستی پێکرد، دوای ئەوەی حەمەی حاجی مەحموود چووە گەل پارتی و، تەلەفزیۆنی پارتی ڕایگەیاند کە لەوە بەدواوە قەراری سیاسی لە کوردستاندا بە دەست پارتیی یەوەیە، وای نابینی کە یەکێتی ئەمەی بە هەڵوەشاندنەوەی پریسیپی ٥٠%٥٠ داناوە خەتەرێکی داوە بە یەکێتی کە بەرامبەر ئەمە (رد فعل) ی هەبێ؟ کە شەڕی پارتی و حەمەش روویدا ئاوو هەوای شەڕ درووست بوو.

نەوشیروان: من حەز دەکەم دڵنیا بی لەوەی لە ناو یەکێتیدا بریادانی شەڕ بەرامبەر پارتی نەبووە. نموونەیەکت بۆ باس کەم.. جارێک لە کۆبونەوەیەکی سەرکردایەتی یەکێتیدا، یەکێك پێشنیازی کردبوو کە یەکێتی (هێزێکی طواری) درووست بکا بۆ حاڵەتێك کە پارتی پەلاماری یەکێتی دا. لەو کۆبوونەوەدا مام جەلال چوو بوو بە گژ ئەو ئەندامەی سەرکردایەتییدا!

 

هەنگاو: ئەمە ساڵی چەن بوو؟

نەوشیروان: پێش شەڕەکان. هەر زۆر بە تووندی چووبوو بە گژیا، وتبووی شەڕ کردن لەگەڵ پارتیدا هەر ئەصلەن، بەهیج جۆرێك، نابێ بیری لێ بکرێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا شکاندبووی.

فەشەلی هەیئەی سەرکردایەتیی

 

هەنگاو: بەڵام دوای شەڕی ئیسلامییەکان، گرژییەکە تەواو دیار بوو. بۆچی کارێك نەکرا وەزعەکە هێمن بکریتەوە، ئێمە دەزانین لەو کاتەدا هەیئەی سەرکردایەتی درووست کرا. بەڵام ئەو هەیئەیە کۆنەبۆوە. بۆ ماوەی شەش مانگ هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکرد، لە کاتێکدا کێشەکانی ٥٠%٥٠ و مونافەسە و ترسی نێوان دوو حیزبەکە هەر لە زیاد بووندا بوو؟ ئایا هیچ هەوڵێک درا ئەم وەزعە نەتەقێتەوە؟!

نەوشیروان: من ئەو کاتە لە کوردستان نەبووم. بەڵام دەزانم کە وەختی خۆی پەرلەمان قانوونی دەستەی سەرکردایەتی لە هەشت کەس دانا، کە مەسعوود و مام جەلالیشیان تێدابوو، دەبوایە بچوونایە لە پەرلەمان سوێندیان بخواردبایە، بۆ ئەوەی بە عەمەلی ئیشەکان بگرنە دەست. بەڵام مەسعوود تەگەرەی تێخست. نەیهێشت کۆبوونەوەکان بکرێن، لە دواییدا بیانووی بەوە گرت کە دەبێ کۆسرەت و جەبار فەرمان دەربکرێن. نەك هەر نەیهێشت کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی بکرێ، هەر نەیهێشت هەر دوو مەکتەبی سیاسیش کۆببنەوە. ئەو ماوەی شەش مانگە لە هەردوولاوە موخالەفات بووە، گیر و گرفتەکان زیادیان کرد تا ڕادەی تەقینەوە.. بە باوەڕی من گەر ئەو ماوەیە دەستەی سەرۆکایەتی یان مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەیان بکردایە، لەوانە بوو گیروگرفتەکان چارەسەر بکرێن و شەڕ نەبێ.

 

ڕووداوەکەی قەڵادزێ

هەنگاو: باشە گەر یەکێتی ئیستعدادی شەڕی نەبوو، بۆجی لە ئەنجامی تاکە رووداوێکدا ئەگەرچی رووداوێکی سادەش نەبووبێ، لە قەڵادزە، بە ماوەیەکی کەم، دوو سێ ڕۆژ، پارتی لەو ناوچەیەدا دەرکرد؟

نەوشیروان: ئاخر ماوەی ئەو شەش مانگ گرژییە کە باسم کرد، زەمینەی شەری لە ناو هێزی هەردوولاد درووست کردبوو، چونکە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییەکان دانەدەنیشتن، گیر و گرفتەکان قووڵ دەبوونەوە و زەمینەی شەڕ خۆشتر دەبوو، ئەوە بوو شەر دەستی پیکرد.

 

پەیماننامەی پاریس

هەنگاو: باشە لە ماوەی گەرانەوەتدا، کە گفتوگۆ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەبوو بە ڕێکەوتنامەی شەرنەکردن تا ساڵی ٢٠٠٠ کۆتایی هات، پێش ئەوەش لە پاریس ڕێکەوتنامەیەك ئیمزا کرا و سازکرا.. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێکی زۆر ناکۆکی و نا تەبایی مابوونەوە، کە تۆ خۆت لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامە نووسیدا باست کردن. ئایا ئا ئەو شتانەی کە لە چاوپێکەوتنەکەتدا لە تەلەفزیۆنی یەکێتی باست کردن، ئایا لە گفتوگۆکانتا لەگەڵ پارتی باست کردبوون؟ ئەمە یەکەم. دووەم: ئایا بۆچی بەو شێوەیە لە ڕێگای ڕاگەیاندنی یەکێتیەوە ئەمەت ڕاگەیاندن، بۆ وات نەدەکرد لە ڕێگای پەرلەمان و موناقەشەی پەرلەمانییەوە ئەم بابەتانە باس بکرێن؟

نەوشیروان: جا خۆ من ئەندامی پەرلەمان نیم تا لە ڕیگەی پەرلەمانەوە باسیان بکەم.

 

هەنگاو: مەبەستم ئەوەیە بتدابان بە ئەندامانی پەرلەمان.. خۆت هەر وەك یەکێتی حیسابی گەرچی بەرەئی تاکی خۆشتی بزانی؟ وەك قیادەی یەکێتی حیساب دەکرێن!

نەوشیروان: ڕاستییەکەی ئەو کۆڕی رۆژنامەوانییەی کردم، بۆ ئەوە بوو کە ئەو حاڵەتی وەستانەی کەوتبووە وەزعی سیاسییەوە بیجوڵێنم، نەك بە نیازی شەڕ جونکە من لە قسەکانمدا هیچ موهاتەرەم نەکرد. بۆ یەکەمین جاریش بوو، هەندێ ڕاستیم بڵاو کردەوە. من خۆم لە سەرەتاوە لایەنگریی ئەوە بووم کە هیچ وەختێك ڕاستی لە خەڵك نەشاردرێتەوە. من پێم وایە یەکێتی هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد کە لە چەن ساڵی ڕابردوودا شتەکانی دیزە بەدەرخۆنەکردووە و قسەی نەکردووە لە ناو خەڵکدا. لە کۆبوونەوە دووقۆڵیەکانیش لەگەڵ پارتیدا زۆری ئەم قسانەم لەگەڵ باس کردوون کە لە کۆڕەکەمدا ووتمن. من گەیشتمە حاڵەتی نائومێدی بۆیە لە کۆڕەکەمدا باسم کردن.

 

حیزبی بنەماڵەیی

هەنگاو: یەکێك لەو شتانەی کە لە کۆڕەکەتدا باست کرد ئەوە بوو کە پارتی حیزبێکی بنەماڵەیی یە . ئایا هەستت نەدەکرد کە ئەمە لەوانەیە ناکۆکییەکە خۆشتر بکات؟

نەوشیروان: کاکە خۆ کە بڵێن پارتی حیزبێکی بنەماڵەییە، ئەمە جنێو نییە، ئەوە حەقیقەتە کە پارتی حیزبی بنەماڵەی بارزانییە. حیزبی بنەماڵەش هەیە.. لە پاکستان حیزبی (بۆتۆ) هەیە. لە هیندستان حیزبەکەی ئەندێرا گاندی هەبوو. لە لوبنان حیزبی کەمال جونبوڵات و جومەییل هەیە. لە ئەفغانستان چەند حیزبێکی ئاوا هەیە، هەتا هەندێ حیزبی شیوعیش بە تایبەتی ئەوەی کۆریای سەرووش خەریکە دەبێ بە حیزبی بنەماڵە. خۆ من حیزبی بنەماڵەم وەك (ئیهانە) نەوتووە. پارتی حیزبی بنەماڵەیە و بەو مانایەی کە هەر کەسێك بنەماڵەی بارزانی نەیەوێ لە مەکتەبی سیاسیی یان لیژنەی مەرکەزیی، دا بێت، ناتوانێ لە مەکتەبی سیاسی یان لیژنەی مەرکەزیی دابێت، یان مەسٶولیەت بگرێتە ئەستۆی.

 

تەقینەوەی شەڕی براکوژیی

هەنگاو: باشە گەر ئەو ناکۆکیانە هەر وا مابوونەوە، بۆ و چۆن بوو ئەو ڕێککەوتنە ئیمزا کرا؟ بۆ دوای ئیمزا کردنیش بە کەمتر لە مانگێك شەر دەستی پێکردەوە؟! ئەم جارە خۆت لەوێ بووی، بۆچی دیسان وەزعەکە بەشێوەیەکی خراپتر تەقییەوە؟!

نەوشیروان: لە شەڕی یەکەمدا پارتی خۆی بە تێشکاو دەزانی، دەیویست تێكشکانێك بەسەر یەکێتیدا بێنێ. لەبەر ئەوە ئەو ماوەیەی بەرەو ئاشتی دەرۆیشت یەکێتی هێزەکانی خۆی حەل کردن، ئەو لیوا تایبەتییانەی تۆ باست کردن، هەموویانی حەل کردن. مەسٶولە عەسکەرییەکانی خۆی: مستەفا چاو ڕەش، جەبار فەرمان، ڕۆستەم، شێخ جەعفەر، مەحموود سەنگاوی، عەدنان ئەوانەی هەموو ئیزن دا بڕۆن بۆ دەرەوە بۆ ئەوەی پارتی دڵنیا بێ یەکێتی نیازی شەڕی نییە، بەتەما بووین مانگی دوازدەش وەجبەیەکی تر لە مەسٶولە عەسکەرییەکانی هەولێر و شەوکەتی حاجی موشیر بنێرین بۆ دەرەوە و منیش بە سەردان بێمە دەرەە، تا پارتی دڵنیا بێ یەکێتی نیازی شەڕی نییە. بەڵام ئەوان لەو ماوەیەدا لە سلێمانی (٢٦) فەوجی کۆماندۆیان لە کۆنە جاشەکان درووست کردن، لە هەولێر زیاتر لە (٢٦) فەوج، لە بادینان زیاتر لە (٢٦) فەوجیان درووست کرد. فەیلەقی بارزانیان درووست کرد. کولیەی عەسکەری و کولیەی حەربییان درووست کرد. ویستیان هەموو کوردستان بکەنە مەعەسکەرێکی گەورەی خۆیان.

هەمووی بە ئاقاری ئەوە دەڕۆیشتن خۆ ئامادەکەن بۆ شەڕێکی تر. ئەوە بوو شەڕەکەیان سەپاند بەسەر یەکێتیدا.. بە گرتنی شەقڵاوە دەستیان پێکرد. پێش ئەوەش، بە چەك کردن و عەزیەتدانی هەرکییەکان دەستیان پێکرد. ویستیان کە یەکێتی ئیستفزاز بکەن و وایان زانی کە یەکێتی هێزی نەماوە و هێزەکانی حەل کردووە و ناتوانێ شەڕ بکات، یەکێتی پارەی نییە. یەکێتی لەلایەن ئێران و تورکیاوە دوژمنایەتی دەکرێ. پێیان وابوو زرووف لە بەرژەوەندی ئەوانە، تەفەوقی عەسکەرییان هەیە، توانای مالی زۆریان هەیە، بێجگە لەوەش هێزە ئیقلیمییەکان پشتیوانی لەوان دەکەن دژی یەکێتی.. پێیان وابوو دەتوانن یەکێتی بشکێنن و تۆڵەی شکستی خۆیان لە شەڕی یەکەم بەکەنەوە.. شەڕەکە لە ئەنجامی ئەوەدا درووست بوو.

 

شەڕ لە هەولێر

هەنگاو: بۆچی ئەمجارە شەڕ گەیشتە هەولێر؟

نەوشیروان: لەبەر ئەوەی پارتی شەقڵاوەی گرت و بە عەمەلیش هەولێری داگیرکردبوو و زیاتر لە نیوەی هەولێر لەژێر دەستی پارتیدا بوو. پارتی بێ ئەوەی ئیحترامی شوێنی پیرۆز وەك جامیعە بگرێ، ڕێکخراوی یەکێتیان لەوێ داگیر کرد. خەستەخانەی ڕزگاری کە گەورەترین خەستەخانەی هەولێرە کردبوویان بە بنکەی عەسکەری. لە گەڕەکی ٩٢ی هەولێر جەند باندێکی مافیای پارتییان تێدا بوو. شەڕکەش کە گەیشتە هەولێر نەتیجەی تەقینەوەی شەر لە هەموو لایەکدا بوو، گەر یەکێتی هەولێری نەگرتبایە، پارتی داگیری دەکرد.

 

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ

هەنگاو: لە شەڕی ئەمجارە دیسان تا ڕادەیەکی زۆر، ڕا و رووت کراوە و مافی مرۆڤ پێشێل کراوە. لە ناوچەی سلێمانیدا پێشێل کردنی مافی مرۆڤ تا چ ڕادەیەك بوو؟

نەوشیروان: لە سلێمانی من سەرپەرشتیم کردووە، بە هیچ جۆرێ شتی وا ڕووی نەداوە: تاڵان کردن، ئینتیهاکی مافی مرۆڤ، عەزییەتدانی خەڵك، کوشتن، بە هیچ جۆرێ ڕووی نەداوە، دەتوانن ئەمە تەحقیق بکەن. بەعەکسەوە هەموو ئەو پارتییانەی لە شارەکان ماونەتەوە زۆر بە ڕێزەوە موعامەلەیان لەگەڵ کراوە، هەتا هەندێ مودیر عامی پارتی هەیە وەك مودیری شورتەی گومرگ، سەفەر و جنسیە، پۆلیسی مرور، هەموو لە شوێنی خۆیان دەوام دەکەن و کەس دەستی لێنەداون..

 

هەنگاو: ئەی لەناو هەولێردا؟

نەوشیروان: لە ناو هەولێردا لە سەرەتادا موخالەفات بووە. ئێستا لەوێش وەزعەکە باشتر بووە و موخالەفات نەماوە!

 

شەڕی دڕندانەو ئوسلوبی ئیرهاب

هەنگاو: لە شێوەی شەڕی ئەم جارە وا دەردەکەێ لە هەردوولاوە زیاتر دڕندانە بێ! ئایا لەو شەڕانەدا کە لە ڕەواندوز و هەولێر و شوێنەکانی دیکە کران، چ گۆڕانێك لەم ڕووەوە بوو؟

نەوشیروان: ڕاستی پارتی ئەمجارە، هەڵەی گەورەیان کرد، لە ڕووی عەسکەرییەوە و شارە گرنگەکانیان لە دەست دا، ئوسلوبی خۆیان گۆری. تێگەیشتن سلێمانی و هەولێریان پی ناگیرێ، ئوسلوبی خۆیان کردە تیرۆر و سەپۆتاژ، تەقاندنەوەی پرد، تەقاندنەوەی تاوەری کارەبا، برینی ئاو، دانانی گەمارۆی ئابووریی، داوا کردن لە خەڵك بەتایبەتی لە هەولێر کە بازاڕ و دوکان دابخەن، جامعە و مەکتەب و دایرەکان دەوام نەکەن، پەنایان بردە بە ئوسلوبی تەخریب و ئیرهاب. ئەمەش هەم لەژێر زەغتی خەڵکدا و ڕەددی یەکێتی بۆیان، سەری نەگرت، ئەو نەخشانەی دایان نا فەشەلی کرد.

 

هەنگاو: ئەی ئەم هێرشەی دوایی مانگی سێ بۆ سەر هەولێر چەند هێزی تێدا بەشدار بوو؟

نەوشیروان: بەڕاستی من لەوێ نەبووم، لە ئێران بووم، نازانم، بەڵام گەورەترین هێزیان بۆ سەر هەولێر کۆکردبۆوە. ویستیان بە شەڕ بیگرن، بۆیان نەگیرایەوە. دیسان بیستوومە جارێکی تریش هێزەکانی خۆیان ئامادە کردووە بەلاماری هەولێر بدەن.

 

جاش و موستەشار

هەنگاو: ئایا تا چ ڕاددەیەك جاش و موستەشاری کۆن لە ناو یەکێتیدا هەیە؟

نەوشیروان: لە هەردوولادا هەیە، بەڵام لەناو پارتییدا زیاترە، خۆ ئەمە شتێکی تەبیعییە بێنەوە ناو ژیانی ئاسایی خەڵك بە مەرجێ مەجالی تەخریب و گێرە شێوێنی و تێکدانی نێوانی هەردوو حیزبەکەیان نەدرێ. دەتوانرێ بخرێنە ناو مەجالی سیاسییەوە. ئەوانیش خۆ بەشێکن لە میللەتەکەمان.

 

ئیسلامییەکان و ئێران

هەنگاو: باشە ئەمجارە ئیسلامییەکان موحاید بوون، هەروەها تۆ خۆت چوویت بۆ ئێران و پێوەندیتان لەگەڵ ئێراندا دامەزراند؟ ئەمە لەسەر چ ئەساسێك؟

نەوشیروان: پێوەندی یەکێتی و ئیسلامییەکان پێوەندییەکی ئاسایی یە، لەوەتەی هاتوونەتەوە گیروگرفتمان نەبووە. لەگەڵ پارتیشدا، ئێمە (تطبیع)ی تەواومان کردبوو، و پێوەندییەکە زۆر ئاسایی بوو. بەداخەوە قیادەکەیان ئەو شەڕەیان بەسەر یەکێتیدا سەپاند. ئێمە لە کوردستانی عێراقدا هاوسنوورین لەگەڵ ئێران و تورکیا و سووریا. بە تەبیعەتی حاڵ دەبێ پێوەندییەکی تەبیعی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا ببەستین. وەکو چۆن دەوڵەتان پێوەندی ئاساییان لە بەیندایە. بەتایبەتی ئێستا یەکێتی نیشتمانی ئەرکی بەڕێوەبردنی ناوچەیەکی فراوانی کەوتۆتە ئەستۆ کە هەموو لەگەڵ ئێراندا هاوسنوورە. لەبەر ئەوە دەبێ پێوەندیمان ئاسایی بێ لەگەڵ ئێران.

 

حیزبی دیمۆکرات

هەنگاو: باشە، بۆ تا ئێستا یەکێتی ڕێگای حیزبی دیموکراتی ئێرانی دەدا، چەکداریان هەبێ، بۆ ئێستا ڕێی لێگرتوون؟

نەوشیروان: لەسەر داوای ئێرانییەکان. ئەمە ئاساییشە، لە وڵاتێکدا کە تۆ حوکمڕانی وڵاتەکە بیت، ناتوانی مەجال بە هێزی دوژمنی دەوڵەتە دراوسێکان بدەی، بنکەی عەسکەری لە خاکی تۆدا درووست بکەن و لەوێوە پەلاماری وڵاتەکانی تر بدەن. تا ئێستا کوردستان وەك وڵاتێکی بێ خاوەن وابووە، بۆیە مەجالی ئەوە دراوە.

 

هەنگاو: باشە، بۆ نەدەکرا هەر لە سەرەتاوە، ئەمە لەگەڵیاندا موناقەشە بکرابایە وەك هێزێکی کوردستانیی لەسەر بناغەی قەناعەت و هاوئاهەنگیی ئەمەیان قبووڵ کردبایە، نەك ناچار کرابان؟

نەوشیروان: ڕاستە دەبوو لە سەرەتاوە ئەمە کرابایە نموونەیەکی ترم بۆ بیننەوە کە دەوڵەتێك لە دنیادا هەبێ ڕێگەی ئەمە بدا هێزێکی چەکدار مەرکەزی تەدریب و هێزی پەلاماریان هەبێ.

 

پرینسیپی کوردستانیزم

هەنگاو: دەبوو لە سەرەتاوە پرینسیپی کوردستانێتی و ستراتیژی هاوبەش هەبایە؟ بە قەناعەت ئەمە کرابایە، نەك بۆ خاتری تاکتیك و بەرژەوەدندی ڕۆژانە وەك ئێستا دەیکەن؟

نەوشیروان: ئەوە لە سەر شانی ئەوانە کە لە وەزعی ئێمە تیبگەن. دوای (٢٥) ساڵ شۆڕش و قوربانی و روبعە ملیۆنێك کوژراو، ئێمە ناوچەیەکی سەربەخۆ و حکومەتێکی بچکۆلەمان هەیە، پێویستە ئەوان ریعایەتی وەزعی (کوردستانی) عێراق بکەن. ئەوەی ئەوان دەیکەن دەبیتەوە هۆی ئەوەی ئێرانیش تەدەخولی کاروباری ناوخۆی ئیمە بکات و بەهانە بداتە دەست ئێران دوژمنایەتی تەجروبەکەمان بکات.

 

پەیوەندیی حیزبیی یان حکومەتیی؟

هەنگاو: دیارە هەموو دەسەڵاتێک پێویستە پێوەندی بە وڵاتانی دراوسێوە هەبێ، گیروگرفتی ئیمە ئەوەیە، کە تەنیا حیزبەکان بە ئارەزووی خۆیان و بە پێی بەرژەوەندی ڕۆژانەی خۆیان ئەو پەیوەندییانە دەبەستن و دیاری دەکەن، بەبێ ئەوەی بەرامبەر هیچ دامودەزگایەکی گەل یان پەرلەمان لێپرسراو بن و کەس بزانێ چی و چۆن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا هاوکاری دەکەن. نەدەبوو ئەم پەیوەندییانە لە ڕێگەی پەرلەمان و حکومەتەوە بێ و پێوەندی حیزبەکان بە تەواوەتی بوەستن؟ ئایا ئێوە ئامادەن ئەمە بکەن؟!

نەوشیروان: ئیمە ئامادەین هەموو پێوەندییەکان لەڕێگای حکوومەتەوە بێ و لە گفتوگۆکانی پاریسیشدا زۆر تەئکیدمان لەسەر ئەوە کرد کە نوێنەرایەتی دەرەوە یەکبخرێ و لەسەر بنچینەی نیوە بە نیوە نەبێ و لەسەر بنچینەی قەناعەت و توانا بی. نوێنەرەکانی دەرەوە نوێنەری حیزبەکان نەبن و نوێنەری حکوومەت بن. پارتی ئەو کاتە ڕازی نەبوو.. لە هەمان کاتیشدا دەمەوی پێت بڵێم وڵاتە درواسێکان هیچیان ئامادە نین موعامەلە لەگەڵ حکوومەت بکەن. بۆیە لەگەڵ حیزبەکان دەیکەن. سووریا و عێراق و ئێران ئامادەنین مەکتەبێك بە ناوی حکوومەتەوە بکرێتەوە.

 

هەنگاو: دیارە ئەوان نایانەوێ، بەڵام خۆت دەبی (أصرار) بکەی، بەتایبەتی کە پشتگیری دنیات هەیە، بەڵام تەنانەت لەم دواییەدا وەفدی ئێرانیش سەری لە پەرلەمان و وەزارەتەکان‌‌‌دا.. بەڵام کە خۆت لەسەر ئەمە سوور نەبی، دیارە ئەوان ئەوەی دەیانەوێ ئەوەی هەشە هەڵیبوەشێننەوە!

نەوشیروان: ڕاستە، بەڵام پارتی نایەوێ ئەمە بکات.

 

میلیشیای حیزبیی

هەنگاو: جگە لە پێوەندی دەرەوە، هۆیەکی دیکەی شەڕ و ناکۆکی بوونی میلیشیای تایبەتی دوو حیزبەکانە. ئایا یەکێتی ئامادەیە بۆ خاتری ئاشتی و پاراستنی ئەزموونەکەمان، هێزەکانی خۆی حەل بکات؟! ئایا ئاغاکانی جەنگ ڕێ لەمە ناگرن؟

نەوشیروان: ئێمە لە سەرەتاوە ئامادە بووین. بەڵێ دەتوانین هەموو هێزەکانمان هەڵوەشێنینەوە. یەك چەکداریش نەهێڵێن، ئێمە باوەڕمان بەوە نییە حیزب هێزی چەکداری تایبەتی هەبێ، باوەڕمان بەوە هەیە کە لە ڕێگای تەجنیدەوە هێزێك درووست بکرێ، دڵسۆزیی بۆ حکوومەت هەبی نەك بۆ حیزب.

 

زیادبوونی دەسەڵاتی تورکیاو ئێڕان

هەنگاو: باشە ئێستا کە وا حاڵەتی شەر، یان نەشەڕ نە ئاشتی بەردەوامە؟ ئەمەش (مأزق)یکی درووست کردووە بە نەمانی پەرلەمان و حکوومەت: مصداقیەت و شەرعیەتی ئەزموونەکەمان لەدەست دراوە، وردە وردە تورکیا و ئێران دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کوردستاندا زیاد دەکەن؟ چۆن دەتوانری لەو (مأزق)ه دەرچین و بەرەو ئاشتی و ئاسایی کردنەوە هەنگاو بنرێ؟ چار چییە؟

نەوشیروان: ڕاستی دوو ڕێگە هەیە: حەلی عەسکەریی و حەلی سیاسی یەکێتی حەلی سیاسی پەسەند دەکات. حەلی عەسکەری کە لایەك لایەك بشکینی و ڕاوی بنێ، بەمە کۆتایی پێنایە. باشترین ڕێگا چارەسەری سیاسییە، کە هەردوو لا پێکەوە دابنیشن، گفتوگۆ بکەن، ڕێکبکەون، حکوومەتێکی ئینتقالی بۆ ماوەیەك دابنرێ کە زەمینە خۆش بکات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە مەسەلەکە بەلایەك دابخرێ، نەك لە ڕێگای چەك و کوشتن و بڕینەوە، کێ هەڵبژاردنی بردەوە حوکمڕانی بکا و لایەکەی دیکە ڕێزی ئەنجامەکەی بگرێ و ببێتە موعارەزە. باشتریش وایە دەستکاری قانوونی هەڵبژاردنیش بکرێ تا فەردیش بتوانێ خۆی تەرشیح بکات، بۆ ئەوەی پەرلەمانێکی تێکەڵاو درووست ببێ لە کەسانی سەربەخۆ و حیزبەکانی دیکەش نەك تەنیا دوو حیزبەکە.

 

هەنگاو: باشە گەر پارتی ئەمەی هەر قبووڵ نەکرد، چار چییە؟! ئایا ئەو حیزبە کوردستانیانەی دەڵێن هەن، دەوریان هەیە؟ ئایا ئێوە ڕادپێشنیازی ئەواننتان قبووڵ کردوون؟

نەوشیروان: ئێمە هەموو دەستپێشخەرییەکی ئاشتیمان لەلایەن هەر حیزب و گرۆیەكەوە، بەبێ هیچ قەید و شەرتێك قبووڵ کردووە، هەمیشە ئامادە بووین لەگەڵ پارتی دابنیشین و گیروگرفتەکان بە گفتوگۆ، بە لەیەکتر گەیشتن چارەسەربکەین. ئەوە پارتی بووە کە لەم دواییەدا، بەتایبەتی لەم سێ چوار مانگەی دواییدا، ئامادە نەبووە لەگەڵ یەکێتی دابنیشێ. تا دانیشتنیش نەبێ دیارە تەنگوچەڵەمەکان دەمێننەوە. بەڵام ئەوان مەسڵەحەتیان لەوەدایە، حاڵەتی نە شەڕ و، نە ئاشتی بمێنێتەوە، چونکە دەسکەوتی مالیی ان هەیە، تا ئەم وەزعە وا بمێنێتەوە داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل و بادینان بۆ خۆیان دەبەن و تەسلیمی حکوومەتی ناکەن. من خۆشم نازانم چۆن لەو وەزعە دەرچینە دەرەوە!

 

چوار مانگە مووچە نەدراوە!

هەنگاو: ئایا ئێستا معاشی خەڵك دەدرێ لە کوردستان؟

نەوشیروان: بەڵێ دەدرێ..

 

هەنگاو: چۆن، ئیمە هەواڵمان بۆ دێ کە بە لای کەمەوە چوار مانگە لە سلێمانی معاش نەدراوە...

نەوشیروان: کەس لێمان ناگرێ..

 

هەنگاو: واریداتی یەکێتی چییە کە دەتوانێ معاشی پێبدات؟

نەوشیروان: یەکێتی واریداتی نییە. واریداتی حکوومەتە.. حکوومەت لەو ناوچەیەدا وەك خۆی ماوەتەوە. حکوومەت واریدات وەردەگرێ و خۆی بەگوێرەی ئەو واردیداتەی کە هەیەتی دابەشی دەکاتەوە.

 

هەنگاو: هەوڵتان نەداوە لە دەرەوە یارمەتی وربگرن و یارمەتی لێقەوماوەکان و ئەوانەی مەعاشیان نییە وەك ئەنفالەکان و ئاوارەکان؟

نەوشیروان: لە کوردستانی عێراقد تا ئێستا یارمەتی نەوەستاوە. NGO بەردەوامن لە کارەکانیان. بۆ دەرەوەش تا ئێستا هیچ لایەك ئامادە نەبووە یارمەتییەکی ماددی ئاوامان بدات، لە سەرەتاوە زۆر داوا کراوە کەس ئامادە نەبووە بەڵام گەر وەزعی ناوخۆیی ڕێك بخرێت، پێویستی بە دەرەوە نابێ و دەتوانرێ خۆی بەڕێوە بەرێ

 

 

ژماره‌ی بینین‌ : 3888
زیاتر ...
ئایا دەزانیت ئەو منداڵەی لەو وێنەیەدایە كێیە ...
چیرۆكی شەهیدبوونی عەقید سەربەست؛ قارەمانەكەی شەڕی وەردەك ...
له‌سه‌ر ڕێگریكردن له‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان سكاڵایی یاسایی‌ تۆمار كرا ...
بۆچوونەکانى تاڵەبانى و بارزانى لە چاوپێکەوتنێکى ٢٥ ساڵ پێش ئێستا لە بى بی سی دا ...
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: هیچ كەسێك ناتوانێت من لە پۆستەكەم لابدات ...
نه‌بوونی ستراتیژی هاوبه‌ش باوكى كێشه‌كانه‌ ...
جنێودان وه‌ك زه‌نگی ئاگاداری ...
بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌ى ژنه‌ كانديدى ئه‌نجوومه‌نى شوراى كۆمارى ئيسلامى ئێران مه‌عسوومه‌ زارع، له‌ تۆڕه ...
تا ئێستا كۆبوونەوەكانی رۆژئاواو ئێران بەم ئەنجامە گەیشتووە ...
30 هاوڵاتی كورد له‌ به‌ندیخانه‌یه‌كی‌ داعش هه‌ڵاتن ...
12345
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll