پاسەوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە رێورەسمی پێشوازیکردنی لە مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، مشتومڕێکی زۆری لە تورکیادا دروستکردووە.
لەو رێورەسمەدا ١٦ پاسەوان بەجلوبەرگی سەربازیی سەردەمی مەغۆلەکان تا عوسمانییەکان دەرکەوتن و ئەوەش شەپۆلێک کۆمێنتی گاڵتەجاری ھاووڵاتییانی تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا ھێنا. رۆژنامەی حورییەتی تورکیاش دەرکەوتنی ئەو سەربازانەی بەو جلوبەرگانەوە بەنمایشێکی فاشن وەسفکرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا چەندین کۆمێنتی گاڵتەجاری لەسەر وێنەکەی ئەردۆغان نوسراون و وێنەکەشی پاش دەستکاریکردنی لەرێی بەرنامەی فۆتۆشۆپەوە بڵاوکراوەتەوە کە لە ھەندێکیاندا ئەردۆغان بەئەستێرەکانی فیلمەکانی “ستار وار”، زە ئاڤنجەرز”، سوپەرمان و پیاوی شەمشەمەکوێرە، ئایرۆن مان و ھۆڵک دەورەدراوە.
ئەردۆغان لەو کۆشکەدا پێشوازی لە مەحمود عەباس کرد کە زۆریی خەرجیی دروستکردنەکەی ناڕەزاییەکی زۆری لە تورکیادا دروستکردووە.
