زانیاریەکی گرنگ:پڕۆژەى هاڕپ چیە
24/12/2014

پڕۆژەى هاڕپ بریتیە لە یاریکردن و گۆڕانکاریکردن بە کەش و هەوا وە یەکێکە لە رووەکانى شەرى ئەستێرەکان و جۆرێکە لە چەکە کۆمەڵکوژە نوێ یەکان، ئەم پڕۆژەیە خۆى دەبینێتەوە لە جەنگى کەش و هەواو درووستکردنى بوومەلەرزەو گێژەڵووکەو لافاو و رەشەباى وێرانکەر لەرێگاى تاوەرەکانى پڕۆژەکە ئاراستەى چینى ئایۆنۆسفێرى بەرگەهەوا دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆچینەکانى پێکهاتەى زەوى.

 

دواى ئەوەى سەرنووسەرى یەکێک لە گۆڤارەکانى ژاپۆن وبلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ئیسرائیلى تۆمەتبارکرد بەوەى کە دەستیان هەبووە لە روودانى بوومەلەرزەکەى ژاپۆن کە بووە هۆى دزەکردنى تیشکە ناووکیەکان لە کورە ناووکییەکانى ژاپۆن، ئەوا لێکۆڵینەوەیەکى پەیمانگاى گۆدارد بۆ لێکۆڵینەوەکانى بۆشایی ئاسمان ئاماژە بە تێوەگڵانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەکات بە روودانى ئەو بوومەلەرزەیەى ژاپۆن. هاوکات (رێکخراوى کەش وهەواى نێودەوڵەتى) رایگەیاند کە زیاتر لە 100 پڕۆژەى تایبەت  بە کۆنترۆڵکردنى کەش وهەوا هەیە کە لە چەند وڵاتێک کارى لەسەر دەکرێت، ئەم دوو ئاماژەیەى ( پەیمانگاى گۆدارد و رێکخراوى کەش وهەواى نێودەوڵەتى ) خاڵێکى جیاکەرەوە دەخاتە نێوان راستى و خەیاڵى پڕۆژەکانى کۆنتڕۆڵکردنى کەش و هەوا.

پێگەى هەاڵى نیوزلاندى (ناتشر نیوز) لێکۆڵینەوەیەکى ئاشکراکرد کە تیایدا وبلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاى بە بەرپرس زانى لە روودانى بوومەلەرزەکەى ژاپۆن لە 11/ئازارى/2011 ، دیمیتار ئۆزۆنۆڤ لە پەیمانگاى گۆدارد بۆ لێکۆڵینەوەکانى بۆشایی ئاسمان کە سەر بە دەزگاى ناسایە یەکێکە لە بەشداربووانى ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئاماژەى بە بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى چینە هەواییەکانى سەرەوەى ناوچەى بوومەلەرزەکە کرد بێ هیچ هۆکارێکى زانستى بەر لە 3 رۆژ پێش روودانى بوومەلەرزەکە. شارەزایانى بوارى ژینگە ئەم بەرزبوونەوەى پلەى گەرمییەیان گەراندەوە بۆ بوونى ووزەیەکى دەستکردى ئاڕاستەکراو لەلایەن بنکەى (لێکۆڵینەوە لەبوارى لەرەلەرە بەرزەکانى گزنگى جەمسەرى باکور) کە کورتکراوەى (HAARP )ە بەلەبەرچاوگرتنى ئەوەى کە ئەمە تاکە بنکەیە تاوانى درووستکردن و گۆڕانکارى بوومەلەرزەو لافاو و رەشەبا و گێژەڵووکەکان هەیە. وە تاکیدیشیان کردۆتەوە کە ناردنى بڕێکى ئێجگار زۆر لە ووزە بۆ ئەم شوێنە دەبێتە هۆى روودانى تەقینەوەى گەورە لە بوارى موگناتیزى کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ گۆڕینى کەش وهەوا کە دواتر بوومەلەرزە بەدواى خۆیدا دەهێنێت.

یویشى شیسماتسو سەرنووسەرى پێشووى رۆژنامەى (یابان تایمز ویکلى) ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ئیسرائیلى بەوە تۆمەتبارکرد کە ئەوان هۆکارى ئەو بوومەلەرزەیەن کە لە فۆکۆشیماى ژاپۆن لە مارسى 2011 روویدا، بەپێى وتەکانى ئەو ئەمریکا و ئیسرائیل زانیارییان لەبەردەست بوو بە هەبوونى (یۆڕانیۆم و پلۆتۆنیۆم) لە کورەى ناووکى (فۆکۆشیما)، وە بوومەلەرزەکەش بووە هۆى وێرانکردنى کورە ناووکییەکە بەگشتى. لەسەر ئاستى جیهانیشدا زانایان و پسپۆرانى بوارى ژینگەو کەش وهەوا کۆکن لەسەر هەبوونى گۆڕانکارى و حاڵەتى ناوازە لە کەش و هەوادا بۆنموونە لافاوە وێرانکەرە مەزنەکان و گێژەڵووکە فراوان و خێراکان و وشکەساڵى و بوومەلەرزە بەهێزەکان، ئەمەش زیاتر بەرچاودەکەوێت دواى تەواوبوونى پڕۆژەى هاڕپ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ساڵى 2007.

 

 

پڕۆژەى هاڕپ چى یە ؟

پڕۆژەى هاڕپ لە ئالاسکا بەڕێوەدەچێت، بووجەو بەڕێوەبردنى ئەم پڕۆژەیەش لەلایەن هێزە ئاسمانى و ئاوى ئەمریکایە، ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە نەوەیەکى نوێ لە چەکى پێشکەوتوو کە وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا لەچوارچێوەى ستراتیژیەتى (جەنگى ئەستێرەکان یاخوود جەنگە ئاسمانیەکان) تواتوێ ى دەکات، لەرووى هونەرى و تەکنیکى ئەم پڕۆژەیە لەلایەن تاقیگەى لێکۆڵینەوەکانى ئاسمانى لە هێزى ئاسمانى ئەمریکى سەرپەرشتى دەکرێت.

هاڕپ (HAARP ) کە بەواتاى (High Altitude Auroral Research Project ) پڕۆژەى لێکۆڵینەوەى لەرەلەرە بەرزەکانى گزنگى جەمسەرى باکور دێت، کە بریتیە لە 120 تاوەرى رادیۆیی کە تواناى درووستکردنى (گۆڕانکارى ناوخۆیی هەیە کە چینى ئایۆنۆسفێر بەسەریدا زاڵە) کە مەبەستمان لە چینە بەرزەکانى بەرگە هەواى زەوی یە کە بە ئەتمۆسفێر ناسراوە، ئەمەش لەرێگاى پەخشکردنى پشتێنەیەک لە شەپۆلى رادیۆیی بە لەرەلەرى بەرز بۆچینى ئایۆنۆسفێر بۆ درووستکردنى شێواندنى ناوچەیی لەسەر ئەو چینە، کە ئەمەش دەبێتە هۆى وێنەدانەوەى ئەو پشتێنەیەو ناردنەوەى لەلایەن ئەم چینەوە بەڵام بە لەرەلەرى جیاواز بۆ ئەو ناوچەیەى کە ئامانجى پڕۆژەکەیە لەسەر زەوى. ئەم پڕۆژەیە لە رێگاى تەکنەلۆژیایەکى زۆر پێشکەوتوو بۆ ناردنى ووزە ئاراستەکراوەکە بۆ سەر یەک خاڵى ناوچەى ئایۆنۆسفێرى بەرگەهەواى زەوى کاردەکات، تاوەرەکانى ئەم پڕۆژەیە کە 120 تاوەرە بە بەرزى 222 مەتر کە لە سەرەوە بەیەکترەوە بەستراون و وەک یەک تاوەرى گەورە کاردەکەن تواناى ناردنى ملیۆنەها شەپۆلى کارۆموگناتیزى بە لەرەلەرى بەرز بۆسەر یەک خاڵى چینى ئایۆنۆسفێرى هەیە کە بڕى ووزەکە زیاتر لە 3.6 ملیۆن وات، لە ئێستاشدا بەرزترین ووزەى رێگاپێدراو بۆ بڵاوکردنەوەى شەپۆلەکانى کەناڵەکانى راگەیاندن لە ئەمریکاى باکور بریتیە لە 50 هەزار واتن ئەمەش بەواتاى ئەوە دێت کە تواناى ووزەى ئەم پڕۆژەیە 27 هێندەى بەرزترین ووزەى شەپۆلەکانى راگەیاندنە، هاوکات ئەو ووزە بەرزەش دەخرێتە سەر ناوچەیەک کە پانیەکەى 20 کیلۆمەترەو ئەستووریەکەى 4 کیلۆمەترە لە بەرزى 145 کیلۆمەتر.

باکگڕاوند و لێکۆڵینەوە زانستیەکانى ئەو پڕۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ (یەکێتى سۆڤیەتى پێشوو) لەدواى جەنگى جیهانى دووەم، وە بەکارهێنانى بەشێوەیەکى کردارەکى و تاقیکراى لە ئالاسکاى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بوو دواى جەنگى کەنداو لە ساڵى 1991، وەک پێشبینى کرابوو بەشێوەیەکى سەرتایی هەندێک لە رەگەزەکانى پڕۆژەکە سەرکەوتووبوو بە تاقیکردنەوەى لە میانەى هێرشەکان بۆ سەر عێراق، ئەمەش بووە هۆى هاندانێک کە ملیارەها دۆلار بۆ زیاتر پەرەدان بەو پڕۆژەیە لە ئالاسکا تەرخان بکرێت.

د.نیکۆڵاس بیجیتش کە چڵاکوانێکە لە کەمپینى گشتى دژى پڕۆژە هاڕپ بەم شێوەیە پێناسەى پڕۆژەکە دەکات (ئەو تەکنەلۆژیایە کە خاوەنى هێزێکى بێسنوورە هەڵدەستێت بە ئاراستەکردنى شەپۆلى رادیۆیی چڕ کە بەر چینە بەرزەکانى بەرگەهەواى زەوى دەکەوێت و ئەو چینانە گەرم دەکات، دواتر تیشکە کاڕۆموگناتیزیە ئاڕاستەکراوەکان دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ زەوى و هەموو شتێک دادەپۆشن بە گیاندار و بێ گیان).

د.رۆزالى بارتیل کە تایبەتمەندە لە کاریگەرى شەپۆلەکان پڕۆژەى هاڕپى بەوە پێناسەکرد (بریتیە لە گەرمکەرێکى مەزن کە دەتوانێت کێشەى گەورە لە چینى ئایۆنۆسفێر درووست بکات، ئەو تەنها بە درووستکردنى دەرچە لەو چینە ناوەستێ، بەڵکو درزى فراوان درووست دەکات لەنێو ئەو چینەو رێگا خۆشدەکات کە شەپۆلە گەردوونیەکان دزەبکەن بۆسەر زەوى.

بەکارهێنان و پێشخستنى ئەنجامەکانى ئەم پڕۆژەیە کە بەڕوونى دیارە چ لایەنێک پاڵپشتى دەکات لە رووى داراییەوە ئەوا ئەنجامى ماڵوێرانکەرى دەبێت، ئاراستەکردنى پشتێنەى شەپۆلە ووزە بەرزەکان (لێزەرى یاخوود تەنۆلکەیی) تاکو دەگاتە ئاستى بۆمبە ناووکیەکان دەبێتە هۆى وێرانکارى مەزن، ئەوانەى سەرپەرشتى پڕۆژەکە دەکەن وانیشان دەدەن کە ئەو پڕۆژەیە بۆ درووستکردنى قەڵغانێکە بۆ تێکشکاندنى هەر هێرشێکى مووشەکى دژى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانانى، وە بۆ چاککردنەوەى کێشەکانى چینى ئۆزۆنە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە بەشێک لە پڕۆژەى بەهێزکردنى چەکەکانى (سیستەمى نوێ ى جیهانى New World Order ) لەچوارچێوەى بەرگرى ستراتیژى هاوبەش کە لەلایەن سەرۆکایەتى سەربازى ئەمریکاوە بەڕێوەدەچێت. ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت ئابوورى نیشتمانى هەر گەلێک یاخوود وڵاتێک بەگشتى لەناو ببات لە رێگاى یاریکردن بەکەش وهەواکەى، لەوەش گرنگتر دەتوانرێت ئامانجەکە بپێکرێت بەبێ ئەوەى پێویست بەوە بکات کە تواناى سەربازى و ئامادەکارییەکانى وڵاتى دەستنیشانکراو بزانرێت، وە بەکەمترین تێچوون بەبێ بەکارهێنانى هێز و کەلوپەلى سەربازى وەک ئەوەى لەشەڕە تەقلیدیەکان باوە.

بەکارهێنانى ئەنجامەکانى پڕۆژەى هاڕپ و جێبەجێکردنى لەڕووى سەربازییەوە تەنانەت لەڕووى ئاشتیەوەش کاریگەرى وێرانکەرى دەبێت لەسەر کەش وهەواى جیهان، هەموو ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندى ئابوورى و ستراتیژیەتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایە بۆ دەستگرتن بەسەر جیهان، بەکارهێنانى ئەم پڕۆژەیە بۆ گۆڕانکارى لە کەش وهەوا لەزۆربەى ناوچە جیاوازەکانى جیهان دەبێتە هۆى تێکدانى هاوسەنگى سیستەمى کشتوکاڵ و ژینگەو گۆڕانکارى لە کێڵگە کارۆموگناتیزیەکانى سروشتى گۆى زەوى، وە دەتوانرێت تواناکاى پێش بخرێت بۆ ئاراستەکردن و یاریپێکردنى جووڵە تەکتۆنیەکان و بوومەلەرزەى چینەکانى پێکهاتەى زەوى، ئەم پڕۆژەیە هەژماردەکرێت بە جۆرێک لە جۆرەکانى جەنگى ئەلیکتڕۆنى.

بۆ بەبیرهێنانەوە وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا بڕێکى زۆر لە دارایی و مەواریدى بۆ پێشخستنى سیستەمى زانیارى ئاراستەکردن لەبارەى گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا تەرخانکردووە لەڕێگاى دەزگاى ناساو وەزارەتى بەرگرى نیشتمانى ئەمەش لەڕێگاى وێنەو نەخشەکان کە دەزگاى نیما NIMA ئامادەى دەکات کە ئەم دەزگایەش کاردەکات لەسەر کۆکردنەوەى وێنەو زانیارى بۆ لێکۆڵینەوە لە لافاو و ئەو زەویانەى کە مترسى رۆچوونیان هەیە، هەروەها بوومەلەرزەو ناوچە ئیکۆلۆجیکان، وەپێشبینى کردنى کەش وهەواو گۆڕانکارییەکانى لەگەڵ گواستنەوەى زانیارییەکان لەێوان مانگە دەستکردەکان بۆ بەڕێوەبردنى پڕۆژەکە.

 

مێژووى چەکە ژینگەییەکان

لە ساڵى 2006 دەسەڵاتدارانى ئەمریکا زیاتر لە 100 هەزار گرێبەستیان مۆرکردووە لەگەڵ کۆمپانیاکانى دابینکردنى ئاسایشى کەرتى تایبەت لەپێناو پاراستنى خەڵکى خۆیاندا کە تێچوو بۆ هەر تاکێک 545 دۆلار بوو، لەبەرامبەر داواى ئەوە لە کۆمپانیاکان کراوە کە هاوڵاتیان بپارێزن، پەیمانیشدراوە بە کۆمپانیاکان بۆ خستنە بەردەستى تەواوى سیاسەتى دەرەوە لەنێوانیشیاندا (جەنگى ژینگە) بۆ کۆمپانیاکان، هاوکات لەگەڵ حکومەتى ئەمریکادا ئەو کۆمپانیایانەش دەست لەناودەست هاوکارن لە دارشتنى سیاسەتى دەرەوە لەپشت پەردە.

سەرەتاى بیرکردنەوە لە کۆنترۆڵکردنى کەش وهەواو ژینگە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1977 کاتێک (ئیدوارد تایلەر) باوکى بۆمبى هایدرۆجینى و یەکێک لە گرنگى پێدەرانى جەنگى ئەستێرەکان رایگەیاندبوو کە پێویستە قەڵغانێک بەدەورى گۆى زەوى هەبێت بۆ پێچەوانەکردنەوەى تیشکى خۆر بۆ ئەوەى پلەکانى گەرما ێگیر ببن، ئەم پرۆژەیەش دواتر گفتوگۆى لەسەر کرادواى تبینیەکى زۆر لەبارەى شۆڕشە گڕکانیەکان کە کۆمەڵێک گەرد و دەنکۆڵە دەخاتە نێو بەرگە هەواو دەبێتە هۆى دابەزاندنى پلەى گەرمى بۆچەند هەفتەیەک یاخوود چەند ساڵێک، هەر لە ساڵانى پەنجاکانیشەوە ژمارەى دەزگاکانى تایبەت بە لێکۆڵینەوەو کۆنتڕۆڵکردنى ژینگە روو لە زیادى دەکەن، بۆنموونە نووسینگەى کۆنتڕۆڵکردنى ژینگەى چین کارى دەکرد لەسەر فەراهەمکردنى کەشێکى هەتاوى بۆ بەڕێوەچوونى یارییەکانى ئۆڵۆمپاتى پەکین لە ساڵى 2008، لەلایەکى تر سەرۆکى روسیا (ڤلادیمێر پۆتین) بەردەوام داواى ئەوەى کردووە کە کەشێکى هەتاوى دابینبکرێت لەکاتى بەڕێوەچوونى هەر خۆپێشاندانێک کە پشتگیرى حکومەتەکەى بکات.

بیرۆکەى (جەنگى ژینگە) وەرگیراوە لە ناوى جیهانى ئەو سیستەمى (تیشکدانەوەى تەنۆلکەکان). چونکە پێکدێت لە تیشکدانەوەى تەنۆلکە بارگاویکراوەکان بە بارگەى بەرز کە دەتوانێت هۆکارێک بێت لە گۆڕانکارى و شێوان لە سرۆشتى ئامانجى دیاریکراو، (تیشکدانەوەى تەنۆلکەکان) بەرهەمدەهێنرێت لە ئەنجامى زیادکردنى خێرایی جووڵەى پڕۆتۆنەکان و ئایۆنەکانى گەردیلەى ماددە، لە ئەنجامى ئەوەش تیشکێکى ووزە بەرز لەو تەنۆلکانە دەردەچێت. ئەگەر بێت و ئاراستەى مووشەکێک بکرێت ئەوا راستەوخۆ سووتەمەنیەکەى ناوى گڕدەگرێت و پێکهاتە ئەلیکتڕۆنیەکانى لەکاردەکەوێت هەروەک چۆن مووشەکێک بکەوێتە بەر لێدانى هەورەبروسکە.

لەگەڵ تێپەڕبوونى کات و پێشخستنى لێکۆڵینەوەکان لە رۆژئاواوە دەستەواژەى (ئەندازیارى ژینگە) سەریهەڵدا وەک نوێترین زانست لە جیهاندا، ئەمەش خۆى دەبینێتەوە لەوەى کە ئەندازیارى ژینگەیی هەڵدەستێت بە فەراهەمکردنى کەش وهەوایەکى دیاریکراو بۆ شوێن و کاتى دیاریکراو، هەر لەم بارەیەوە رۆژنامەى (فۆرین پۆلسى) ئاماژەى بەوەکردووە کە چەند لێکۆڵینەوەیەکى زانستى ئەوەیان ئاشکراکردووە کە گۆڕانکارییەکانى ژینگە بەشێوەیەکى خێراتر روودەدەن وەک ئەوەى زانایانى پسپۆڕ پێشبینیان کردبوو وە دوودڵیش زۆرێکیانى گرتۆتەوە.

(ئەندازیارى ژینگە) بەهۆکارێک دادەنرێت بۆ دەستگرتن بەسەر بەرزکردنەوەو دابەزینى پلەکانى گەرما، ئەمەش لەبەرژەوەندى هەندێک وڵات دەدات لەپێناو بەرژەوەندى هەندێک وڵاتى تر، هەر بۆیەش شارەزایان (ئەندازیارى ژینگەیی) بە یەکێک لە ستراتیژیەتەکانى سەدەى 21 هەژماردەکەن لەکاتێکدا ئەم ئەندازیارییە دەتوانێت سەوزایی بگەڕێنێتەوە بۆ بیابانەکان وە ناوچە کشتوکاڵیەکانیش بکات بە بیابان هەروەک رۆژنامەى (لو فیگارۆ) ئاماژەى پێکردووە (کەم بوونەوەى ئاو بەهۆى بەهەڵمبوون لە ئەنجامى بەرزبوونەوەى پلەى گەرما بۆتە هۆى ئەوەى کە زۆرێک لە حکومەتەکان بەڵێنیان داوە کە فایلەکانى تایبەت بە لێکۆڵینەوەکانى (کۆنتڕۆڵکردنى ژینگە) بدەن بەدەست هێزە سەربازییەکانیان ئەمەش بەهۆى گرنگى و ستراتیژیەتى ئەم دۆسیەیە.

 ئامادەکردن و وەرگێران:
یونس گەردوونى

 

ژماره‌ی بینین‌ : 1784
زیاتر ...
فەیسبووک ڕێگری لە کردنەوەی ویکیلیکس دەکات ...
ڤايبەر بە چەند گۆڕانکارييەکەوە بۆ کۆمپيوتەر نوێکرايەوە ...
فەیسبوک تایبەتمەندییەکی گرنگ بۆ مەسنجەر زیاد دەکات ...
دوگمەیەکى "گرنگ" لە موبایلى ئایفۆن ٧ دا لادەبرێت ...
کەشتیی ئاسمانیی جۆنۆ گەیشتە نێو خولگەکەی لە دەوری هەسارەی موشتەری ...
لەسەر ئايفۆن، پياوێک داوای ١٠ مليار دۆلار دەکات ...
زانیاری تەواو لەسەر نەوەی داهاتووی Galaxy Note بە ناوی Galaxy Note 7 ...
بە پارەی ئاسن مەھێڵە لاپتۆپەکەت گەرم ببێت ! ...
دروستکردنی مرۆڤ ...
مێشکی ئه‌م ژنه‌ وه‌ک گووگڵه‌ ...
12345
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll