"بوون به‌‌ ئێزدی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی‌‌ گاڵته‌كردنه‌ به‌ ئێزدیه‌كان"
28/08/2014
یه‌كێتی‌ زانایانی‌ ئاینی ئیسلامی‌ كوردستان ده‌ڵێت، بوون به‌‌ ئێزدی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی‌‌ گاڵته‌كردنه‌ به‌م ئایینه‌ و له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كاندا نایه‌ته‌وه‌، وپشتیوانی كردنی ئێزدیه‌كانیش له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێكی ئاكادیمی و نوسه‌ر و رۆشنبیر، به‌وه‌ی كه‌ ئاینی خۆیان ده‌گۆڕن بۆ ئێزدی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیی به‌مه‌ترسیدار ده‌زانێت.

له‌راگه‌یه‌نراوێكیدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست خه‌ندان كه‌وتووه‌، یه‌كێتی‌ زانایانی‌ ئاینی ئیسلامی‌ كوردستان ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو، " پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ له‌وه‌دا بووه‌ هه‌موو ئاین‌و مه‌زه‌به‌ جیاوازه‌كان به‌ پیر یه‌كه‌وه‌ چوون دژی هه‌ر سته‌م‌و ده‌ستدرێژییه‌ك"، بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ژماره‌یه‌ك ئاكادیمی و نوسه‌ر به‌، "‌بزمارێكی گه‌وره‌ی مه‌ترسیدار‌ له‌ هه‌ست‌و رۆحی پێكه‌وه‌ژیان" وه‌سف ده‌كات.  

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی یه‌كێتی‌ زانایانی‌ ئاینی ئیسلامی‌ كوردستان :

كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێكی (ئه‌كادیمیست‌و نووسه‌ر‌و چالاكوان‌و رۆشنبیر) راگه‌یاندنێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، تێیدا بڕیاریانداوه‌ تا رزگاركردنی شه‌نگال‌و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی‌و به‌شێوه‌یه‌كی ره‌مزی دینی خۆیان بكه‌نه‌ ئێزدی تا پشتیوانی له‌ ئێزدیه‌كانی شه‌نگال بكه‌ن.
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان وێڕای نیگه‌رانی له‌م هه‌ڵوێسته‌ نابه‌رپرسانه‌یه‌، له‌ هه‌مان كاتدا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌ ده‌كات‌و، به‌ هه‌نگاوێكی مه‌ترسیداری ده‌زانێت بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ هه‌نگاوێكی سوكایه‌تیكردنه‌ به‌ سه‌رجه‌م ئایینه‌كان، چونكه‌ ئایین بۆ ره‌مز‌و كاتی نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو ئایین په‌یوه‌ندی به‌ باوه‌ڕی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌‌و، كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئه‌خلاق‌و ره‌وشتی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ یه‌كه‌مجار بێرێزییه‌ به‌رامبه‌ر ئێزدیه‌كان، چونكه‌ ئێزدیاتی ئایینێكی داخراوه‌‌و، ئه‌م كاره‌ پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌كه‌یه‌، هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌كردن بۆ بوونه‌ ئێزدی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی‌و به‌شێوه‌یه‌كی ره‌مزی جگه‌ له‌ گاڵته‌كردن به‌م ئایینه‌ هیچ مانای تر هه‌ڵناگرێت".
ئه‌وه‌ی له‌ كۆی راگه‌یاندراوه‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت به‌ كه‌م پیشاندانی ئایین‌و بێرێزكردنی سه‌رجه‌م ئایینه‌كانه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ سه‌رجه‌م ئایین‌و مه‌زه‌به‌كان بوونه‌ته‌ ئامانجی تیرۆریستان، ئه‌مه‌ش سه‌رلمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌، كه‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قودسیه‌ت‌و رێزی ئایینه‌كانه‌، به‌تایبه‌تی هه‌ندێك له‌ به‌شداربووه‌كان رابردوویان پڕه‌ له‌م جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌.
پێشمان وایه‌ ئه‌م كاره‌ نه‌ك پشتیوانی ئێزدیه‌كان‌و دژایه‌تی تیرۆریستان نییه‌، به‌ڵكو چاكترین به‌ڵگه‌یه‌ ده‌یده‌نه‌ ده‌ست تیرۆریستان تا كه‌سانێكی ساده‌‌و ساكار له‌ كاره‌كانیان دڵنیا بكه‌نه‌وه‌‌و، به‌ره‌ی دژه‌ كورد‌و كوردستان‌و بردنی گه‌نجان فراوانتر بكات.
ئه‌گینا ئه‌وانیش ده‌یانتوانی وه‌ك خه‌ڵكی موسڵمانی كوردستان‌و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام پشتیوانی سه‌رجه‌م سته‌ملێكراوان بوونایه‌ به‌ ئێزدی‌و مه‌سیحی‌و موسڵمانه‌وه‌، كه‌ له‌ یه‌كه‌م رۆژه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی به‌رپرسیارێتی ئایینی‌و نیشتیمانی‌و مرۆییانه‌وه‌ هه‌موو پشتیوانێكی ئه‌م خه‌ڵكه‌ لێقه‌وماوه‌یان كرد‌و، زانایانی ئایینی له‌ سنووری پارێزگای دهۆك یه‌كه‌مین كه‌س بوون ده‌ستیان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك كرد‌و، ماڵ‌و شوێنه‌كانیان به‌ رووی ئاواره‌كان كرده‌وه‌‌و، له‌ وتاره‌كانی هه‌ینیدا پشتیوانیان بۆ ده‌ربڕین‌و، پارێزگاریكردن له‌ كوردستانیان به‌ پیرۆز‌و قوربانیه‌كانیان به‌ شه‌هید دانان، یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی لالش‌و مه‌سیحیه‌كانیان كرد‌و، له‌ رێگه‌ی به‌یاننامه‌‌و مینبه‌ره‌كانی مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ بۆ موسڵمانانیان روونكرده‌وه‌ تا هاوكاری ئاواره‌ مه‌سیحی‌و ئێزدی‌و موسڵمانه‌كانه‌وه‌ بكه‌ن، چونكه‌ له‌ ئیسلامه‌وه‌ فێربووینه‌ سته‌م له‌ هیچ كه‌سێك قبوڵ نه‌كه‌ین له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سێك‌و له‌ژێر هه‌ر ناوێكه‌وه‌ بێت، هه‌روه‌ها هاوكاری هه‌موو لێقه‌وماوان بكه‌ین له‌سه‌ر هه‌ر ئایین‌و مه‌زه‌بێكه‌وه‌‌و له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بێت، جوانی مێژووی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌میشه‌ له‌وه‌دا بووه‌ هه‌موو ئایین‌و مه‌زه‌به‌ جیاوازه‌كان به‌ پیر یه‌كه‌وه‌ چوونه‌‌و، هاوكاری یه‌ك بوونه‌ دژی هه‌ر سته‌م‌و ده‌ستدرێژییه‌ك، بۆیه‌ ئه‌م كاره‌ بزمارێكی گه‌وره‌ی مه‌ترسیداره‌ له‌ هه‌ست‌و رۆحی پێكه‌وه‌ژیان ده‌درێت.
له‌ كۆتاییدا هیوادارین كه‌سانی رۆشنبیر‌و خوێنده‌وار نه‌كه‌ونه‌ داوی جۆره‌ كه‌سانێك، كه‌ هه‌موو ئامانجیان فیكری خۆیانه‌‌و، هه‌موو رووداوه‌كانیش ده‌قۆزنه‌وه‌ تا بره‌و به‌ بیرۆكه‌كانی خۆیان بده‌ن، باكیشیان به‌وه‌ نییه‌ چ شڵه‌ژانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌بێت، یان پێكه‌وه‌ژیان به‌ره‌و كوێ ده‌چێت، كه‌ به‌م كارانه‌شیان له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستان به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانیانه‌وه‌ جوانتر ده‌ناسرێن.
دڵنیاشین به‌م كارانه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌تی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام‌و پیاوانی ئایینی مه‌سیحی‌و ئێزدی زیاتر په‌ره‌ به‌ رۆحی پێكه‌وه‌ژیان ده‌ده‌ن‌و، ناهێڵن ئه‌م هه‌وڵانه‌ سه‌ربگرن، چونکە ئەمرۆ کوردستان لە هەموو کاتێك زیاتر پێویستی بە بڵاوکردنەوەی گیانی پێکەوەژیانە نەك موزایەداتی فیکری و سیاسی و ئایدۆلۆژی.

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
ژماره‌ی بینین‌ : 3513
زیاتر ...
بە ڤیدیۆ... لە یەكەم شەوی مانگی ڕەمەزان لە ناو كەعبە موعجیزە ڕوویدا ...
بۆجی مەکەی پیرۆز فڕۆکەخانەی تێدانیە؟ ...
موسڵمانان له‌سه‌ر وێنه‌كانی‌ پێغه‌مبه‌ر بۆچونیان جیاوازه‌ ...
خودا باسی قەومی کورد دەکات..! ...
"بوون به‌‌ ئێزدی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی‌‌ گاڵته‌كردنه‌ به‌ ئێزدیه‌كان" ...
نیشانه‌کانی ئاخر زه‌مان بزانه‌ به‌ ته‌واوی ...
فەتوایەکی سەیروسەمەرەی ئیسلامیەکان…!!! ...
ڕوونكردنەوەیەكى شەرعی لە لایەن دەستەیەك لە مامۆستایانى سەلەفى كوردستانەوە سەبارەت بەشەرى داعش بەرامب ...
هاتنى كەسێك بۆمزگەوت كەسیر وپیازى خواردبێ،یان بۆنێكی ناخۆشی پێوەبێ ...
وێنه‌..یه‌كه‌م مزگه‌وت كه‌ دیزانه‌ره‌كه‌ی ئافره‌ت بێت له‌ توركیا ...
12345
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll